یانەی هەولێر بەفەرمی دەستەیەکی نوێی راهێنەرانی دەستنیشانکرد
یانەی هەولێر بەفەرمی دەستەیەکی نوێی راهێنەرانی دەستنیشانکرد، نزار مەحرووس دەبێتە راهێنەری یانەکەی قەڵاومنارە.
یانەی هەولێر لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە، نزار مەحرووس راهێنەری سووری ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە دەگرێتە ئەستۆ، کە پێشتر کوردستان24 بەگوێرەی سەرچاوە تایبەتەکانی ئەم هەواڵەی بڵاویکردبووەوە.
یانەی هەولێر رایگەیاندووە، گرێبەستەکەی نزار مەحرووس بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت و سائد سویدان وەکو یاریدەدەر و سامر ریحانی وەکو راهێنەری گۆڵپارێزان لەگەڵ مەحرووس دەستبەکار دەبن، دڵشاد ئەحمەدیش کە یەکێکە لە راهێنەرە لاوە کوردەکان وەکو یاریدەدەر لەگەڵ ئەو راهێنەرە سوورییە کار دەکات.
یانەی هەولێر دووپاتیکردووەتەوە، نزار مەحرووس لەدوای یاریی بەرامبەر سناعە کە وابڕیارە رۆژی سێشەممە بکرێت، دەگاتە شاری هەولێر و لەگەڵ یانەکەی پایتەخت دەستبەکار دەبێت.
نزار مەحرووس پێشتر وەرزی 2011/2012 راهێنەرایەتی یانەی هەولێری کردووە و نازناوی خولی نایابی عێراقی بەدەستهێنا و یانەکەی گەیاندە یاریی کۆتایی جامی یەکێتی ئاسیا و لەو وەرزەدا لەکۆی 50 یاری تەنیا دوو یاریی دۆڕاند.