داعش له موسڵ دووه‌م ساڵی گوزه‌ر كرد و به‌ڵێنه‌كانی عه‌بادی-یش بۆ ئازادكردنه‌وه‌ی دیارنین
عه‌بادی پێشتر رایگیاندبوو: ساڵی 2016 ساڵی تێكشكاندنی داعش
K24 - هه‌ولێر:
رۆژی 10ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2014، جیهان له‌گه‌ڵ هه‌واڵی داگیركردنی موسڵ له‌لایه‌ن رێكخراوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام" ناسراو به داعش، رۆژی كرده‌وه.
داگیركردنی موسڵ كه دووه‌م گه‌وره‌ترین شاری عێراقه له رووی دانیشتوانه‌وه، گورزێكی كوشنده‌بوو كه به‌ر حكوومه‌ته‌كه‌ی نووری مالیكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكات، كه‌وت.
سه‌ره‌تای ساڵی 2016، دوای ئه‌وه‌ی هێزه عێراقییه‌كان، به پاڵپشتی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانان و میشیلیا شیعییه‌كان، توانییان شاری رومادی له چنگی داعش ده‌ربهێنن، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق گوتی: "ئه‌گه‌ر ساڵی 2015 ساڵی رزگاركردنه‌وه‌ی شاره‌كان بێت، ئه‌وا په‌نا به‌خوا ساڵی 2016، ساڵی سه‌ركه‌وتنه مه‌زنه‌كه ده‌بێت، سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی و كۆتاییهاتنی داعش".
عه‌بادی گوتیشی: "به ته‌واوی متمانه‌وه ده‌ڵێم به‌ره‌و ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ ده‌چین و گورزێكی كوشنده له‌و رێكخراوه ده‌وه‌شێنین و تێكیان ده‌شكێنین".
له باره‌ی ئه‌و لێدوانانه‌ی عه‌بادی، رۆبێرت ماگینز، كۆلۆنێلی خانه‌نشینی له سوپای ئه‌مه‌ریكا گوتی: "ئه‌وه ته‌حه‌دایه‌ك بۆ تیرۆریستان، كاری چه‌ند مانگه‌ی سوپای عێراق بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی رومادی و ده‌ركردنی توندڕه‌وان له‌و شاره‌دا به سه‌ركه‌وتنێكی گرنگ داده‌نرێت، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، وه‌كو ئه‌گه‌ر سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه سه‌ر له‌نوێ، پرسی پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی بۆمبه چێنراوه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه ئاواره‌كان، كه پێشتر ناوچه‌كه‌یان جێهێشتبوو، به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئایا هێزه عێراقییه‌كان كه زۆرینه‌یان شیعه‌ن، تا چه‌ند ده‌توانن له‌و ناوچانه‌ی زۆرینه‌ی سووننه بمێننه‌وه و خۆیان بگونجێنن؟".
وه‌ك شاره‌زایانی سه‌ربازی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، بوونی حه‌شدی شه‌عبی كه زۆرینه‌ی شیعه‌ن، كێشه‌ی سه‌ره‌كی دواكه‌وتنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ و ناوچه سووننه‌نشینه‌كانه، له دوایین راپۆرتی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه به‌و تاوانانه ده‌كات كه ئه‌و میشیلیا چه‌كدارییه له دژی سووننه‌كانی فه‌للووجه ئه‌نجامیداون.
له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا، فوئاد مه‌عسووم، سه‌رۆك كۆماری عێراق، له راگه‌یه‌ندراوێكدا داوایكردووه له‌و باره‌یه‌وه لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبیدا بكرێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، به‌رپرسانی سووننه‌ی عێراق، ترسی خۆیان نه‌شاردووه‌ته‌وه له دووباره بوونه‌وه‌ی رووداوه‌كانی فه‌للووجه له‌كاتی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ و ته‌نانه‌ت به‌شێك له وڵاتانی هه‌رێمیش، پرۆسه‌كه به تۆڵسه‌ندنه‌وه‌ی ئێران ده‌زانن.
جگه له‌م هۆكارانه‌ش، تا ئێستا دیارنییه كام یه‌ك له هێزه‌كان به‌شداری له كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵدا ده‌كات و له ئێستاوه‌ش به‌شێك له سووننه‌كان به‌شداری حه‌شدی شه‌عبییان ره‌تكردووه‌ته‌وه.
قۆناغی دوای ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و پارێزگایه، یه‌كێكه له‌و پرسانه‌ی تا ئێستاش له‌به‌ر چاوی سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عێراق روون نییه و له‌م باره‌یه‌وه مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، چه‌ندینجار رایگه‌یاندووه، به هۆی جیاوازی پێكهاته‌كانی ناو موسڵ، چ له‌رووی نه‌ته‌وه‌یی و چ له رووی ئایینییه‌وه، وایكردووه تایبه‌تمه‌ندییه‌كی جیاوازتری هه‌بێت، بۆیه گرنگه له ئێستاوه پلانێك بۆ قۆناغی دوای ئازادكردنی شاره‌كه هه‌بێت.
له باره‌ی دواكه‌وتنی پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ، فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق رایانگه‌یاند، سوپای عێراق ماندوو بووه و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری ده‌خاته سه‌ر پرۆسه‌كه و ره‌نگه ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ دوابكه‌وێت.
سه‌رچاوه: CNN