کۆرۆنا پرێمەرلیگی هەراسان کردووە

تۆپی پرێمەرلیگ
تۆپی پرێمەرلیگ

ڤایرۆسی کۆرۆنا پرێمەرلیگی هەراسان کردووە، تەنیا لە ماوەی هەفتەیەکدا 103 کەس لە یانەکانی پرێمەرلیگ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
ئەنجوومەنی پرێمەرلیگ لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە، تەنیا لە ماوەی هەفتەیەکدا 103 کەس لە یاریزانان و کارمەندانی یانەکانی پرێمەرلیگ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، کە لەوەتەی مانگی مایۆی ساڵی رابردووەوە ئەم رێژەیە زۆرترینە لە خولەکە.
لە رۆژی 20 تا رۆژی 26ی ئەم مانگە زیاتر لە 15 هەزار پشکنین کراون و دەرکەوتووە 103 کەس ئەنجامی پشکنینەکانیان پۆزەتیڤە، کە رۆژانە پشکنینی خێرا بۆ تەواوی یاریزانان و کارمەندانی یانەکان دەکرێت و هەفتەی دوو جاریش پشکنینی پی سی ئاریان بۆ دەکرێت.
بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئینگلتەرا تا ئێستا 19 یاریی لە پرێمەرلیگ دواخراون کە دواترینیان یاریی ئارسێناڵ و وۆلڤەرهامتن بوو، کە وابڕیاربوو سبەی سێشەممە بکرێت.