دوو خوشک لە پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی عەرەبی نۆ مێداڵیای زێڕیان بەدەستهێنا
دوو خوشک لە پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەبی لە ماوەی دوو رۆژدا نۆ مێداڵیای زێڕیان بەدەستهێنا.
لە پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەبی، ئەمڕۆ سێشەممە 28ـی دیسێمبەری 2021 لە رۆژی دووەمی پاڵەوانێتییەکە لەسەر ئاستی کچان ئیناس موحسین لەسەر ئاستی لاوان شەش مێداڵیای زێڕی بۆ عێراق بەدەستهێنا، ئەو کچە کوردە کە لە ریزی یانەی هەولێر یاریی دەکات شەش مێداڵیای زێڕی بردەوە و رۆژێکی مێژوویی بەڕێکرد.
دوێنێ دووشەممە ئیسرا موحسین خوشکی ئیناس لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان لە هەمان پاڵەوانێتی سێ مێداڵیای زێڕی بەدەستهێنا، بەمەش دوو خوشکەکە بەیەکەوە نۆ مێداڵیای زێڕیان بۆ هەڵبژاردەی خانمانی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق بەدەستهێناوە.
لە ماوەی دوو رۆژدا خانمەیاریزانە کوردەکان 18 مێداڵیایان لە پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی بەدەستهێناوە، نۆ مێداڵیایان زێڕ بووە و لەلایەن ئیسرا و ئیناسەوە بەدەست هاتوون، وابڕیاریشە سبەی چوارشەممە ئۆشین موحسین خوشکی ئیسرا و ئیناس لەسەر ئاستی پێشکەوتووان بەشداریی پاڵەوانێتییەکە بکات.