بۆ یەکەمجار.. کچە کوردێک دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی ئایسلەندا
لەدایکبووی 1999ـیەو بووەتە ئەندام پەرلەمانی ئایسلەندا
K24 - هەولێر:
کچە کوردێکی تەمەن 22 ساڵ بووە یەکەم کورد و پێنجەم گەنجترین پەرلەمانتاری ئایسلەندایە.
لەنیا ڕوون تەها کەریم، لە 18ـی کانوونی یەکەم لە دایک و باوکێکی کورد لە شارۆچکەی Kópavogur ئایسلەند لەدایکبووە، سێیەم کاندیدی لیستی پارتی ئازادی خوازی چەتەکان بوو بۆ ناوچەی ریکجاڤیک و ئێستا گەنجترین پەرلەمانتاری ئایسلەندایە.
لەنیا بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئەندام پەرلەمانی سەروخۆی پێویستی بە جێگرەوە هەبووە، ئەم بۆ شوێنەکەی ئەو دەستنیشان کراوە و ئێستا خاوەن کورسی پەرلەمانییە.
لەنیا گوتیشی: "گرنگترین بابەت لە پەرلەمان کە تێبینیم لەسەری هەبێت، سیستەمی دادوەرییە، من تیشک دەخەمە سەر گۆشە یاساییەکەی ئەم بابەتە و دەمەوێت گۆڕانکاری لەو یاسایانەدا بکەم کە کەیسەکانی دەستدرێژی سێکسی دەیانگرێتەوە، بۆ ئەوەی قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی هەست بە سەلامەتی بکەن و کەیسەکانیان لە کاتی خۆیدا و پرۆفیشناڵانە گرنگی پێ بدرێت".
باوکی لەنیا لە ساڵی 1993 و دایکی لە 1996 چوونەتە ئایسلەندا، خێزانەکەیان لە ساڵی 2013 هاتوونەتەوە کوردستان و دوای 3 ساڵ گەڕاونەتەوە ئاسلەندا.
H.H