دێمبلی لە بەرامبەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی داوا دەکات ئەوەندەی مێسی مووچەی پێبدرێت
ئۆسمان دێمبلی نزیکە ریزەکانی بارسێلۆنا بەجێبهێڵێت و لە بەرامبەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی داوای مووچەیەکی خەیاڵی دەکات.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، دوێنێ چوارشەممە بەرپرسانی بارسێلۆنا لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی دێمبلی کۆبوونەتەوە و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو گفتوگۆکانیان بێ ئەنجام بووە و بەڕێوەبەری کارەکانی هێرشبەرە فەرەنسییەکە داوای کردووە لە بەرامبەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ساڵانە نزیکەی 40 ملیۆن یۆرۆ مووچە بە دێمبلی بدرێت و 20 ملیۆن یۆرۆش وەکو شیرینی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بە بەڕێوەبەری کارەکانی دێمبلی بدرێت.
جیرارد رۆمێریۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی کەتەلۆنی رایگەیاندووە، کەسە نزیکەکانی دێمبلی پێیانوایە ئەگەر بارسێلۆنا بە داواکارییەکانی رازی نەبێت ئەوا هاوینی داهاتوو هێرشبەرە فەرەنسییەکە بە گرێبەستێکی ئازاد ریزەکانی بارسێلۆنا بەجێدەهێڵێت، لەکاتێکدا لەم رۆژانەی دواییدا دێمبلی رەزامەندیی دابوو گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، کە چەند جارێک چاڤی داوای کردووە گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا نوێبکاتەوە.