له توركیا 117 دۆسیه‌ی په‌رله‌مانتاران بۆ دادگا ره‌وانه‌كراوه
50 په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په به 450 دۆسیه‌وه ده‌درێنه دادگا
K24 – هه‌ولێر
پاش ئه‌وه‌ی كه یاسای هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندیی په‌رله‌مانتارانی توركیا به ئیمزای سه‌رۆك كۆمار ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان به فه‌رمی كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، وه‌زارتی داد 117 دۆسیه بۆ داواكاری گشتی نارد.
به‌كر بۆزداغ وه‌زیری دادی توركیا رایگه‌یاند 117 دۆسیه له چوارچێوه‌ی یاسای هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندیی په‌رله‌مانتاران بۆ داواكاری گشتی ناردووه.
بۆزداغ له كاتی به‌شداریكردن له پرۆگرامێكی كه‌ناڵی TRT رایگه‌یاند به بڵاوبوونه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له رۆژنامه‌ی فه‌رمی، به‌ربه‌ستی به‌رده‌م لێپرسینه‌وه له 799 دۆسیه‌ی 152 په‌رله‌مانتار هه‌ڵده‌گیرێت.
به‌وته‌ی وه‌زیری دادی توركیا، دۆسیه‌ی په‌رله‌مانتاران له رێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌ته‌وه له سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌ده‌ستیان ده‌گات و ئه‌وانیش به‌مه‌به‌ستی لێپرسینه‌وه بۆ داواكاریی گشتی ده‌نێرن.
زۆرترین دۆسیه‌ی په‌رله‌مانتاران له به‌رامبه‌ر په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په كراوه‌ته‌وه، كه به‌پێی یاساكه 50 په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په به‌هۆی 450 دۆسیه‌وه لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌لدا ده‌كرێت.
په‌رله‌مانی توركیا رۆژی 18 ئایاری رابردوو پرۆژه‌ی یاسای هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتاران به 376 ده‌نگ په‌سندكرد كه له رۆژی 7 جوزهیران له لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه ئیمزاكرا.