له‌و ناوچه‌یه‌ی عێراق 3 رۆژ ماته‌مینی گشتی راگه‌یه‌ندرا
"6 كه‌س كوژران"
K24 - هه‌ولێر:
حكومه‌تی خۆجێیه‌تی قه‌زای زوبێری سه‌ر به پارێزگای به‌سره، سێ رۆژ ماته‌مینی گشتی راگه‌یاند.
زوبێر ماهیر سه‌عیدی، قایمقامی قه‌زای زوبێر له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، حكومه‌تی خۆجێیه‌تی قه‌زای زوبێری سه‌ر به پارێزگای به‌سره، سێ رۆژ پرسه و ماته‌مینی گشتی راگه‌یاند.
ئه‌و قایمقامه ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌مڕۆ 1ـی كانوونی دووه‌م / یه‌نایه‌ری 2022 به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی لوغمێكی پاشماوه‌ی جه‌نگی عێراق - ئێران، 6 كه‌س كوژران.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی عێراقی ئاشكرایده‌كات، ده‌ره‌نجامی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له پارێزگای به‌سره، ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی كوژران و بریندار بوون.
ئه‌و سه‌رچاوه ئه‌منییه جه‌ختیكرده‌وه، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و لوغمه، 6 كه‌س كوژران و 7ـی دیكه‌ش بریندار بوون.
میدیا عێراقییه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، به‌سره به مه‌ترسیدارترین شاری جیهان داده‌نرێت كه پڕه له پاشماوه‌ی لوغمی سه‌رده‌می جه‌نگی (عێراق ئێران) و (عێراق كوه‌یت).