فەتح داوای بەڵگە لە کازمی دەکات

"مۆڵەتی دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کۆتاییهاتووە"

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر

هاوپەیمانی فەتح داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، بەڵگەی تەواویان لەبارەی راستی دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا پێشکەش بکات.

ئەحمەد عەبدولحوسێن، سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لەسەر حکومەتەکەی مستەفا کازمی، پێویستە بەڵگەی تەواو دەربارەی دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق پێشکەشی لایەنەکان بکات، چونکە ئەوەی ئێستا دەیبینین بە پێچەوانەی دەرچوون،  هێزەکانی ئەمەریکا بەردەوام کاروانی نوێی سەربازییان دێتە ناو عێراق".

گوتیشی "ئەوەی لەبارەی دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا دەگوترێت روون نییە، لە ئەگەری دەرنەچوونی ئەو هێزانەش، ئەوا بەرەی مقاوەمەی عێراقی مافی تەواویان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەمەریکا هەیە".

ئاماژەی بەوەشدا "مۆڵەتی دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کۆتاییهاتووە، هیچ دەرفەتێکی دیکە بە مانەوەیان نادرێت".

لە 31ی دیسێمبەری ئەمساڵ حکومەتی عێراق دەرچوونی تەواوی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکای راگەیاند و جەختیکردەوە، تەنیا راوێژکارانی سەربازیی ئەو وڵاتە لە عێراق دەمێننەوە.