لوكاكو ته‌نیا به‌هۆی ئه‌م قسه‌یه له چێڵسی دوورخرایه‌وه

توماس توخێل راهێنه‌ری یانه‌ی چێڵسی رۆمیلو لوكاكۆی هێرشبه‌ری یانه‌كه‌ی بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ به‌رامبه‌ر لیڤه‌رپوول دوورخسته‌وه.
پیگه‌ی سكای سپۆرتسی به‌ریتانیا ئاشكرای كردووه كه لوكاكۆ بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی چێڵسی به‌رامبه‌ر لیڤه‌رپوول بانگهێشت نه‌كراوه و پێشبینی ده‌كرێت بۆ یاریی داهاتووش له جامی كاراباو به‌رامبه‌ر تۆتێنهام یاری نه‌كات.
به گوێره‌ی میدیایه‌كانی به‌ریتانیا دوورخستنه‌وه‌ی لوكاكۆ به‌هۆی ئه‌و لێدوانانه‌بووه كه له كه‌ناڵی سكای سپۆرتس بڵاوبووه‌ته‌وه.
لوكاكۆ هه‌فته‌ی رابردوو له چاوپێكه‌وتنێكی میدیاییدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه له یانه‌ی چێڵسی ئاسووده نییه، گوتوویه‌تی: داوای لێبوردن له هانده‌رانی یانه‌ی ئینته‌ر میلان ده‌كه‌م كه به‌مشێوه‌یه ماڵئاواییم له‌و یانه‌یه كردووه، به‌ڵام ئه‌وه كۆتایی دونیا نییه و رۆژێكدا دێت به ئاستێكی به‌رزتر ده‌گه‌ڕێمه‌وه یانه‌ی ئینته‌ر میلان.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، پێگه‌ی ده‌یلی مه‌یلی بریتانیا نووسیویه‌تی: لێدوانه‌كانی لوكاكۆ هانده‌ران و ده‌سته‌ی كارگێری و راهێنه‌ری چێڵسی نیگه‌ران و توڕه كردووه، پێشبینی ده‌كرێت له گواستنه‌وه‌ی زستانه له چێڵسی بمێنێته‌وه، به‌ڵام له هاوینی داهاتوو ده‌بێته یه‌كه‌مین یاریزان كه چێڵسی ده‌یفرۆشێت.
لوكاكوی ته‌مه‌ن 28 ساڵ، له هاوینی رابردوو له یانه‌ی ئینته‌ر میلانه‌وه به به‌های 115 ملیۆن یۆرۆ بۆ سێیه‌مجار له كاروانی وه‌رزشی خۆیدا گه‌ڕایه‌وه یانه‌ی چێڵسی، ئه‌م وه‌رزه له‌گه‌ڵ یانه‌ی شینپۆشه‌كانی له‌نده‌ن ته‌نیا به‌شداریی له 13 یاریی له پرێمه‌رلیگ كردووه و 5 گۆڵ و 1 ئاسیستی هه‌یه و گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ چێڵسی له هاوینی 2026 كۆتایی دێت.