چاڤی: لەم وەرزەی لالیگا ئامانجی ئێمە گەیشتنە بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو
چاڤی دوای بردنەوەکەیان بەرامبەر ریال مایۆرکا ستایشی ئاستی لوک دی یۆنگ و تێرشتیگنی کرد و گوتی 'دڵخۆشم بەوەی سەرەڕای ئەوەی لە توانای 17 یاریزان بێبەش بووین بەڵام توانیمان بردنەوە بەدەست بهێنین'.
چاڤی هیرناندێز، راهێنەری بارسێلۆنا دوای بردنەوەکەیان بەرامبەر ریال مایۆرکا کە 1-0 بردنەوەیان بەدەستهێنا، گوتی 'ئێمە لە نیوەی یەکەم زۆر باش یاریمان کرد، دەمانزانی چۆن لە یارییەکە هێرش دەبەین و چۆن خۆمان دەگونجێنین، بەشێوەیەکی باش دەچووینە پێشەوە، بەدرێژایی نیوەی یەکەم ئێمە لەناو ناوچەی سزای ئەوان بووین، بەهۆی باشی ئەنجامەکە لە نیوەی دووەم نەمانتوانی بەپێی پیویست بگەینە گۆڵی ئەوان، بەڵام چەند شووتێکی کەمیان بۆ گۆڵی ئێمە بوو، لە دوایین ساتەکانیش تێرشتیگن ئێمەی رزگارکرد، من بۆ تێرشتیگن و لوک دی یۆنگ دڵخۆش بووم، تێرشتیگن بەم بەرپەرچدانەوەیە ورەیەکی زیاتری بۆ گەڕایەوە'.
هەروەها گوتیشی 'تیپەکەمان بە گشتی لە یارییەکە کۆششێکی زۆری کرد، سەرەڕای ئەوەی ئێمە 17 یاریزانمان لەدەست دابوو بەڵام یاریزانەکان بە گڕوتینەوە لەپێناوی بردنەوە دەجەنگان، ئەمەش مانای ئەوەیە ئێمە وەکو یەک خێزان واین، ئەم سێ خاڵە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو'.
چاڤی لەبارەی ئامانجی ئەم وەرزەیان گوتی 'جگە لە ئاتلێتیکۆ مەدرید سەرجەم ئەو یانانەی لەپێشەوەی ئێمەن ئەم هەفتەیە خاڵیان لەدەست دا، ئەم بردنەوەیە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو زیاتر لە سەرەوەی ریزبەندی نزیک بووینەوە، ئامانجی ئێمە لەم وەرزەی لالیگا گەیشتنە بە یارییەکانی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، ئێستاش تەنیا خاڵێک لە ناوچەی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ دوورین'.