داڵکورد مەبەستییەتی یانەی دهۆک بگەینێتەوە ریزی یانە نایابەکانی عێراق

لۆگۆی یانەی داڵکورد و دهۆک
لۆگۆی یانەی داڵکورد و دهۆک

یانەی داڵکورد بڕیاریداوە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی یانەی دهۆک بکات بۆ ئەوەی بتوانێت بگاتە خولی یانە نایابەکانی عێراق، لەو ماوەیەی خولی سویدی لە پشوودایە چوار یاریزانی دەنێرێتە هەرێمی کوردستان تا یارمەتی دهۆک بدەن.

عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 رایگەیاند 'سوپاسی یانەی داڵکورد دەکەین لەم قۆناخە هەستیارە پشتیوانی ئێمە دەکەن، بڕیاریان دا هاروون ئەحمەد و چەند یاریزانێکی دیکەی یانەکەیان بە خواستن بە ئێمە بدەن، بۆ ئەوەی لە قۆناخی دووەمی خولی پلەیەکی عێراق یاریی بۆ یانەی دهۆک بکەن، ئێمە بە ناوی خەڵکی دهۆک سوپاسی سەرۆکی یانەی داڵکورد دەکەین'.

یانەی داڵکورد ئامادەیی دەربڕیووە بۆ ماوەی سێ مانگ بە خواستن چوار یاریزانی بداتە یانەی دهۆک بۆ ئەوەی لە قۆناخی دووەمی خولی پلەیەکی عێراق یاریی بۆ یانەکە بکەن، کە دوای چوار مانگی دیکە وەرزی نوێی خولی سویدی دەستپێدەکات، یانەی داڵکورد جگە لەوەی هەر چوار یاریزانەکەی بە خۆڕایی داوەتە یانەی دهۆک، مووچەی یاریزانەکانیشی لە ئەستۆ دەگرێت، لەکاتێکدا یاریی بۆ یانەی دهۆک دەکەن.

دوای ئەوەی هاروون ئەحمەد بەفەرمی واژۆی لەسەر گرێبەستەکەی کرد، چاوەڕێ دەکرێت بەختیار رەحمانی و ئیزکوێل مۆنتانا و سامۆڤیچیش لە یانەی داڵکوردەوە پەیوەندی بە یانەی دهۆکەوە بکەن، فرانک ئارهینی غانیش یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی لەگەڵ یانەی دهۆک لەگفتوگۆدایە.

یانەی دهۆک لە کۆمەڵەی یەکەمی خولی پلەیەکی عێراق بە کۆکردنەوەی 24 خاڵ پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی گرتووە و خاڵێک لە دواوەی حدوودی پێشەنگی کۆمەڵەکەی دێت، کە لەم کۆمەڵەیە تەنیا یەک یانە بۆ خولی نایابی عێراق سەردەکەوێت.

یانەی دهۆک کە پێشتر وەرزی 2009/2010 نازناوی خولی نایابی عێراقی بەدەستهێناوە، ساڵی 2016 کشانەوەی خۆی لە خولی نایابی عێراق راگەیاند و پێنج ساڵە لە ریزی یانە نایابەکان دوورکەوتووەتەوە.

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل