شوفێرانی کوردستان دەتوانن لە شارەکەی خۆیان مۆڵەتی نێودەوڵەتی بەدەستبێنن

بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری نێودەوڵەتی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی

K24 - سلێمانی

بەپێی بڕیاری ژمارە 37ی ساڵی 2021ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە 3/1/2022 مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆی پارێزگاكان دەدرێت بە هاووڵاتییان، كە پێشتر تەنها لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێم بووە .

لە وادەی دیاریکراودا هاووڵاتییانەی خوازیاری بەدەستهێنانی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتین، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی شارەکانیان بكەن بۆ دەرهێنانى مۆڵەتى شۆفێرى نێودەوڵەتى.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 21/12/2021، بە نووسراوی فەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی شارەکانی ئاگادار کردووەتەوە، کە لە 3/1/2022 کار بە بڕیاری دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری بکەن. ئەم بڕیارەش ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت بە ئۆتۆمبێلی خۆیان سەردانی دەرەوەی وڵات بکەن.

بەختیار محەمەد، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى هاتووچۆى سلێمانى بە کوردستان24ی راگەیاند: "لەپێناوی ئاسانکاری زیاتر بۆ هاووڵاتییان، بۆ ئەوەی کەسێک ناچار نەبێت لە سلێمانی و دهۆکەوە بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی نێودەوڵەتی شوفێری سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆ بکات لە هەولێر، ئەم دەسەڵاتە شۆڕکراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان لە پارێزگاکان، هەر کەسێک خوازریارە دەتوانێت لە پارێزگاکەی خۆی بەدەستی بهێنێت".

مەرجەکانی دەرهێنانى مۆڵەتى نێودەوڵەتى شوفێری، ئەمانەن: هەڵگرى مۆڵەتى شۆفێرى هەرێم یان عێراق و پاسپۆرتى عێراقى بێت، هەردووکیان بەسەر نەچووبن و بریکارنامەى گشتى پێبێت، بۆ ئەوەى ببێت بەخاوەن مۆڵەتى شۆفێرى نێودەوڵەتى، ساڵانەش دەبێت نوێى بکاتەوە. 

نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ
نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ