ئایا ئه‌مه‌ریكا له پشت خۆپیشاندانه‌كانی كازاخستانه‌وه‌یه؟
له كازاخستان چی ده‌گوزه‌رێت؟
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
جین ساكی سكرتێری رۆژنامه‌وانی كۆشكی سپی پێداگری له‌وه‌كرد كه ئه‌مه‌ریكا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به خۆپیشاندانه‌كانی یه‌كێك له كۆماره‌كانی سۆڤیه‌تی پێشووه‌وه نییه كه خه‌ڵكی وڵاته‌كه ماوه‌ی 5 رۆژه دژی حكومه‌ته‌كه‌ی تۆكایڤ به‌رپایان كردووه و ئه‌و پرۆپاگه‌ندانه‌شی به (سه‌رلێشێواوی پرۆپاگه‌نده‌ی رووسیا) وه‌سفكرد.
به‌پێی راپۆرتێكی هه‌ردوو ئاژانسی رۆیته‌رز و فرانس پرێس هاوپه‌یمانێتییه‌كی سه‌ربازی كه رووسیا سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، رایگه‌یاند هێزێكی ئاشتیپارێز ره‌وانه‌ی كازاخستان ده‌كات بۆ به‌رگریكردن له رووخانی حكومه‌ته‌كه‌ی تۆكایڤ له دوای 5 رۆژ له خۆپیشاندانی خه‌ڵكی وڵاته‌كه كه بۆته هۆی كوژرانی 8 ئه‌فسه‌ری پۆلیس و پاسه‌وانی نیشتمانی به ده‌ستی خۆپیشانده‌رانی كازاخستان و سووتاندنی ده‌یان بینای حكومه‌ت و كۆنترۆڵكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی شاری ئه‌ڵماتی و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی 5 فڕۆكه تا به‌رپرسان هه‌ڵنه‌یه‌ن له شاره‌كه.
هێزی سه‌ربازی رێكخراوی هاوپه‌یمانێتی ئاسایشی هاوبه‌ش، هێزێكه له سه‌ربازانی 6 كۆماری پێشووی سۆڤیه‌ت پێكهاتووه و رووسیا سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، بۆیه قاسم جومارت تۆكایڤ سه‌رۆكی كازاخستان داوای هاتنی ئه‌و هێزه‌ی كردووه بۆ سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران.
پاش چه‌ند سه‌عاتێك له داواكه‌ی تۆكایڤ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی رێكخراوه‌كه كه ئێستا نیكۆل باشینیان سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌رمینیا سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه به ناردنی هێزی سه‌ربازی.
وێڕای ئه‌وه‌ی كه تۆكایڤ-ی سه‌رۆكی كازاخستان، دوێنێ ئێواره 5ی كانوونی دووه‌می 2022 ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی په‌سه‌ند كرد، به‌ڵام خۆپیشاندان به‌رده‌وامه، چونكه ئامانجی خۆپیشانده‌ران كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی گازی سرووشتییه له وڵاته‌كه كه ماوه‌ی 5 رۆژه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه نرخه‌كه‌ی كراوه به دوو ئه‌وه‌نده.
به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێس، هه‌رچه‌نده پۆلیس له‌ماوه‌ی 4 رۆژی رابردوودا ویستویه‌تی له رێگه‌ی گازی فرمێسكڕژێنه‌وه كۆتایی به خۆپیشاندانه‌كان بێنێت به‌ڵام به پێچه‌وانه خۆپیشانده‌ران زیانی گه‌وره‌یان داوه له باڵه‌خانه‌كانی حكومه‌ت، بۆیه له به‌ره‌به‌یانی 5ی كانوونی دوومی 2022ـه‌وه باری نائاسایی له شاری (ئه‌ڵماتی) باشووری خۆرهه‌ڵات و ناوچه‌ی مانگیستای خۆرئاوا راگه‌یه‌نراوه.
جین ساكی سكرتێری رۆژنامه‌وانی كۆشكی سپی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، رۆژی 5ی كانوونی دووه‌م (یه‌نایه‌ری 2022) رایگه‌یاند ئه‌وان چاودێری راپۆرتی ناڕه‌زاییه‌كان ده‌كه‌ن له كازاخستان، گوتیشی: "ئێمه پاڵپشتی داواكارییه‌كان ده‌كه‌ین به‌شێوه‌یه‌كی ئارام و پاڵپشتی خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ین كه گوزارشت له رای خۆیان بكه‌ن به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه و ده‌سه‌ڵاتدارانیش دان به‌خۆیاندابگرن".
باسی له‌وه‌شكرد كه هه‌ندێك ده‌نگۆی ناڕاستگۆیانه‌ی رووسیا هه‌یه ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه‌ریكا له پشت خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌یه، گوتیشی: "به دڵنیایی خه‌ڵك گوزارشت له‌رای خۆی ده‌كات، به روونی گوتوومانه كه ئه‌مه به‌شێكه له‌و گه‌مه سیاسییه‌ی كه رووسیا ده‌یه‌وێت خه‌ڵكی پێ چه‌واشه بكات".
خۆپیشاندانه‌كان له رۆژی 1ی كانوونی دووه‌م (یه‌نایه‌ری 2022)ـه‌وه ده‌ستی پێكردووه ئه‌ویش دوای بڕیاری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی گازی سروشتی كه به‌شێكی گه‌وره بۆ خۆگه‌رمكردنه‌وه و چێشتلێنانی ژیانی هاووڵاتیان دابینده‌كات كه نرخی هه‌ر لیترێك گازی سرووشتی بووه به 120 ته‌نگه‌ی كازاخستانی (كه ده‌كاته 0.27 دۆلار) به‌مه‌ش له كازاخستان هه‌موو ماڵێك لانی كه‌م 42 هه‌زار و 500 ته‌نگه (98 دۆلار)ی ده‌وێت بۆ گازی سرووشتی.
سه‌ر له‌ئێواره‌ی دوێنێ 5ی كانوونی دووه‌م له كۆنگریه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا، سه‌رۆكی كازاخستان بڕیاریدا رێوشوێنی توند بگرێته‌به‌ر بۆ سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران و باری نائاسایی له نوور سوڵتان-ی پایته‌خت و شاری ئه‌ڵماتی راگه‌یاند.
سه‌رۆكی كازاخستان له كۆنگره رۆژنامه‌نووسییه‌كه‌یدا، خۆپیشانده‌رانی به كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی تێكده‌ر و چه‌ته‌گه‌ری تیرۆریست وه‌سفكرد كه له‌لایه‌ن چه‌ند ده‌وڵه‌تێكه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن، بێئه‌وه‌ی ناوی هیچ ده‌وڵه‌تێك ببات.
سی ئێن ئێن له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، رێكخراوی چاودێری جیهانی (NETBLOCKS) رایگه‌یاندووه به‌شێكی زۆری ئینته‌رنێت له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه بڕدراوه تا خۆپیشانده‌ران تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ چالاكییه‌كانیان به‌كارنه‌هێنن.
به‌و پێیه‌ی خۆپیشانده‌ران ده‌ستیان به‌سه‌ر 5 فڕۆكه‌ی مه‌ده‌نی فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌ڵماتی-دا گرتووه، گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه دواخراوه، به‌ڵام سه‌رۆكی شاره‌وانی ئه‌ڵماتی ده‌ڵێت: "كاره‌كانی فڕۆكه‌خانه نه‌وه‌ستاوه".
كازاخستان نۆیه‌م گه‌وره‌ترین وڵاتی جیهانه، سنووری به رووسیا و چین-ه‌وه‌یه، گه‌وره‌ترین یه‌ده‌گی نه‌وتی هه‌یه كه بووه‌ته ئابوورییه‌كی به‌هێز و ستراتیژی گرنگ، به‌ڵام ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێس ده‌ڵێت: "وێڕای ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌مه‌نده به یه‌ده‌گی نه‌وت و سامانی كانزایی، به‌ڵام بژێوی ژیان له‌و وڵاته له‌وپه‌ڕی خراپیدایه".