پاریس 300 ملیۆن یۆرۆ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی رۆیشتنی مباپێ ده‌دات
به گوێره‌ی میدیایه‌كانی فه‌ره‌نسا، یانه‌ی پاریس سانجێرمان پلانێكی بۆ شوێنگره‌وه‌ی كلیان مباپێ داڕشتووه و ده‌یه‌وێت 300 ملیۆن یۆرۆ له‌م پێناوه‌دا بۆ گواستنه‌وه‌ی یاریزانێك خه‌رج بكات تا قه‌ره‌بووی رۆیشتنی مباپێ بكاته‌وه.
رۆژنامه‌ی لكیپی فه‌ره‌نسا له راپۆرته هه‌واڵێكدا ئاشكرای كردووه كه كلیان مباپێ له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید رێككه‌وتووه و له هاوینی داهاتوو به گرێبه‌ستێكی خۆڕایی پاریس به‌ره‌و مه‌درید جێده‌هێڵێت.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه به‌رپرسانی پاریس سانجێرمان ده‌یانه‌وێت ئێرلینگ هالاند بۆ قه‌ره‌بووكردنی مباپێ بگوازنه‌وه.
سه‌رچاوه‌كه نووسیویه‌تی: هالاند گرێبه‌سته‌كه‌ی له هاوینی 2024 له‌گه‌ڵ بوروسیا دۆرتمۆند كۆتایی دێت، مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی ته‌نیا 75 ملیۆن یۆرۆیه، به‌ڵام تێچووی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و هێرشبه‌ره نه‌رویجییه 300 ملیۆن یۆرۆ له‌سه‌ر پاریس ده‌كه‌وێت، چونكه هه‌ر یانه‌یه‌ك بیه‌وێت هالاند بگوازێته‌وه ده‌بێت شیرینی گواستنه‌وه به مینۆ رایۆلای به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی و باوكی ئه‌و یاریزانه‌ش بدات و ساڵانه‌ش مووچه‌كه‌ی 30 ملیۆن یۆرۆ بێت.
ئێرلینگ هالاندی ته‌مه‌ن 21 ساڵ، له گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ی ساڵی 2020 له یانه‌ی ساڵزبێرگی نه‌مساوی به به‌های 20 ملیۆن یۆرۆ روویكرده بورووسیا دۆرتمۆند، له‌گه‌ڵ یانه‌ی زه‌رده‌واڵه‌كان له كۆی 73 یاری، 74 گۆڵ و 20 ئاسیستی كردووه، له ئێستاشدا له لایه‌ن یانه‌كانی بارسێلۆنا، ریال مه‌درید، بایرن میونشن، چێڵسی و پاریس داوا كراوه.