محەمەد دلاوەر؛ لە شارۆچکەی دوکانەوە بەرەو هەڵبژاردەی ئۆڵمپی عێراق
محەمەد دلاوە یاریزانی لاوی کورد بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئۆڵمپی عێراق کرا بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و بۆ پاڵەوانێتی داهاتوو دەستنیشان بکرێت.
محەمەد دلاوەر، یاریزانی لاوی یانەی نەورۆز بە کوردستان24ـی راگەیاند 'لە هەڵبژاردەی ئۆڵمپی عێراقەوە پەیوەندییان بە وەلی کەریم راهێنەری یانەکەمان کردووە و پێیان راگەیاندووە کە منیان بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە راهێنانەکانی هەڵبژاردەی ئۆڵمپی عێراق بکەم تا بەشداریی بکەم لە تاقیکردنەوەکانی میرۆسلاڤ سۆکۆپ راهێنەری چیکی هەڵبژاردەکە بەشداربم و هەڵسەنگاندنم بۆ بکرێت'.
محەمەد دلاوەر ساڵی 2000 لە شارۆچکەی دوکان لەدایکبووە و لە هێلی بەرگری لای راست یاریی دەکات، پێشتر یاریی بۆ سیروانی نوێ دەکرد و وەرزی رابردوو پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی نەورۆز کرد، لەم وەرزە لە خولی نایابی عێراق لەگەڵ یانەکەی ئاستێکی نایاب پێشکەش دەکات، رۆژی 18ـی ئەم مانگە یاریزانە بانگهێشتکراوەکان لە بەغدا کۆدەبنەوە و لەلایەن راهێنەرەکەیان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت ئینجا سێ رۆژ دواتر لە تورکیا ئۆردوگایەکی مەشق و راهێنان دەکەنەوە.
محەمەد دلاوەر بۆ یاریی بەرامبەر هەولێر لە گەڕی هەژدەمی خولی نایابی عێراق گەشتی دهۆکی نەکردووە و بەهۆی کەلەکەبوونی کارتە زەردەکانی ناتوانێت لە یارییەکەی سبەی بەشداریی بکات.