بارسێلۆنا بۆ یاریی کلاسیکۆ بەفەرمی لە توانای دوو یاریزانی بێبەش دەبێت
چاڤی هێرناندێز لیستی یاریزانەکانی بۆ جامی سوپەری ئیسپانیا راگەیاند، هێشتا پێدری و فێران تۆرێس ڤایرۆسی کۆرۆنایان تێنەپەڕاندووە و ناتوانن گەشتی سعوودیە بکەن.
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لیستی یاریزانانی بۆ بەشداریکردن لە جامی سوپەری ئیسپانیا رایگەیاند کە هەریەکە لە پێدری و فیران تۆرێس لە لیستەکەدا نین و بانگهێشت نەکراون، چونکە تا ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنایان تێنەپەڕاندووە و ئەنجامی دوایین پشکنینیان جارێکی دیکە پۆزەتیڤ بوو.
گەرچی دی یۆنگ و رۆناڵد ئاراوخۆ و ئانسو فاتی بانگهێشتکراون بەڵام دەبێت لەلایەن دەستەی پزیشکانەوە دواتر گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵبکرێت، ئەگینا ئەوانیش هێشتا بۆ یاریکردن ئامادە نین.
بارسێلۆنا رۆژی چوارشەممە لە قۆناخی پێش کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا لە سعوودیە رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە و براوەی یارییەکە لە یاریی کۆتایی رووبەڕووی براوەی یاریی ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئاتلێتیک بلباو دەبێتەوە.