نوجێفى: گرنگترين خاڵى رزگاركردنى مووسڵ ههماههنگى نێوان پێشمهرگه و حهشدى نيشتيمانييه
ئەسیل نوجێفی، بەرپرسی حەشدی نیشتیمانى گوتى: ئازادكردنەوەی مووسڵ ئەمساڵ دەستپێدەكات،
K24 – ههولێر:
دوو ساڵ بەسەر كۆنترۆڵكردنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە تێپەڕدەبێت و تا ئێستاش ھیچ كەسێك بەھۆی كەمتەرخەمیی لە پاراستنی ئەو شارەوە سزا نەدراوە و سەركردەیەكی حەشدی نیشتیمانی سوونەكانیش دەڵێت: حكوومەتی عێراق ناتوانێت كەسانی كەمتەرخەم سزا بدات.
ئەسیل نوجێفی، بەرپرسی حەشدی نیشتیمانى گوتى: ئازادكردنەوەی مووسڵ ئەمساڵ دەستپێدەكات، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنە لە دوو لایەنەوە دەكرێت یەكێكیان سوپای عێراقە كە سوپایەكی لاوازە دووەمیان ھاوپەیمانێتییەكە لە نێوان حەشدی نیشتیمانی و پێشمەرگە كە ئەمە گرنگترین بەشی پرۆسەكەیە چونكە ئێمە ئێستا نزیكین لە مووسڵ و تەنھا 20 كیلۆمەتر دوورین بۆیە ئاسانە بچینە ناو مووسڵ، لەبەر ئەوەی ئێمە لە ناو مووسڵیشدا ھێزمان ھەیە.
گوتيشى: شەڕی مووسڵ بۆ ئێمە كارێكی جیاوازە چونكە ئێمە نامانەوێت بە تەنھا مووسڵ ئازاد بكەین بەڵكو دەمانەوێت شۆڕش دژی داعش بكەین.
ئێستا ھێزەكانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی فەللوجەن و وەك لەزاری بەرپرسانی حەشدی شەعبیشەوە گوتراوە ھەنگاوی داھاتوویان مووسڵە و ھیچ ھێزێكیش نییە رێگریان لێبكات و بەرپرسانەی سووننەش بەردەوام ھۆشداری ئەوە دەدەن كە بەشداری حەشدی شەعبی واتای دووبارە كردنەوەی ئەو كارەساتانەیە كە لە شارەكانی وەك ڕومادی و فەلوجە و بێجی ڕوویانداوە.