"كاروانێكی چه‌كدارانی داعش له ناوچه‌ی حه‌زر كرانه ئامانج"
"بۆمبی چێندراویان پێ‌بوو"

K24 - هه‌ولێر:
شانه‌ی راگه‌یاندنی ئەمنی کوژرانی سێ سه‌ركرده‌ی داعشی له باشووری حەزر، راگەیاند.
شانه‌ی راگه‌یاندنی ئەمنی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه تێیدا هاتووه: له رێگه‌ی به‌دواداچوونی مه‌یدانی و چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه هه‌واڵگرییه‌كانی ده‌زگای هه‌واڵگری عێراقی و لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدڕاڵی له وه‌زاره‌تی ناوخۆ، تیرۆریست "ئه‌بو عیسام" وه‌ك به‌رپرسی ویلایه‌تی به‌ناو "دجله" له‌گه‌ڵ دوو سه‌ركرده‌ی دیكه‌ی ئه‌و رێكخراوه كاری ده‌كرد، پێكه‌وه له‌ناو ئۆتۆمبێلێكی جۆری پیكاب بوون كرانه ئامانج و كوژران، هه‌رسێكیشیان بۆمبی چێندراویان پێ‌بوو.
شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، له رێگه‌ی هێزی ئاسمانی له باشووری قه‌زای حه‌ویجه‌ی سه‌ر به پارێزگای كه‌ركووك ئه‌و تیرۆرستانه كراونه‌ته ئامانج، ئۆتۆمبێله‌كه‌شیان به‌ته‌واوی تێكشكێندراوه.
شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی روونیكرده‌وه، هێزه ئه‌منییه‌كانمان به‌ڵێن ده‌ده‌ن وه‌ڵامی توندی كرده‌وه و په‌لامار و توندوتیژیه‌كانی تیرۆرستان بده‌نه‌وه، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان به‌خوێنی عێراقیه‌كان سووره.
به‌ره‌به‌یانی رۆژی هه‌ینی 21ـی كانوونی دووه‌م / یه‌نایه‌ری 2022، چه‌كدارانی داعش له ناوچه‌ی عوزێم هێرشیكرده سه‌ر سوپای عێراق، به گوێره‌ی ئاماره سه‌ره‌تاییه‌كان، 15 سه‌رباز و پله‌دارێك كوژراون، بۆ وه‌ڵامی ئه‌و هێرشه هێزه عێراقییه‌كان ئه‌و هێرشه‌یان ئه‌نجامدا.