عه‌لی حه‌مه ساڵح: سەلماندمان قاچاخچێتی لە باشماخ ھەبووە
"له دادگا به‌ڵگه‌كانم خسته‌ڕوو و ده‌ركه‌وت ئه‌و بارهه‌ڵگرانه قاچاخ بوون"

K24 - هه‌ولێر:
عه‌لی حه‌مه ساڵح، په‌رله‌مانتاری گۆڕان رایگه‌یاند، له رێگه‌ی دادگاوه سەلماندمان قاچاخچێتی لە باشماخ ھەبووە و له‌و دۆسیه بێ‌تاوان ده‌رچووم.
عه‌لی حه‌مه ساڵح، له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسیویه‌تی: له‌لایه‌ن بەڕێوبەرایەتی كۆمەڵگای باشماخه‌وه سکاڵای لەسەر تۆمارکراوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زانیاری ناڕاستی له‌سه‌ر قاچاخی ده‌روازه سنوورییه‌كه بڵاوکردووەتەوە.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دوای ئه‌وه‌ی لەسەر دۆسیەی قاچاخ له په‌رله‌مانی كوردستان پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر هه‌ڵگیرا، لەبەردەم دادوەر ئامادەبووه و بەڵگەی خستووه‌تەڕوو.
عه‌لی حه‌مه ساڵح روونیكرده‌وه، له دادگا ڤیدیۆ و وێنەی 38 بارھەڵگری خستووه‌ته‌ڕوو، دوای ئەوەی لە سیستمی گومرگی لێکۆڵینەوە کرا، ده‌ركه‌وت 36 بارھەڵگریان گومرگیان نەداوە، واتە بە "قاچاخ" داخڵبووبوون، بۆیه دادوەر وتەکانی بەڕاست زانی و بێ‌تاوان ده‌رچووه.
روونیشكرده‌وه، بە بەڵگەوە وتەکانم سەلماند، كه قاچاخچێتی لە باشماخ ھەبووە، ئێستا لە رێگه‌ی داواکاری گشتی، بە بەڵگەی یاسایی ئەوانەی قاچاخییان كردووه و پشتیوانه‌كانیشیان دەدرێنە دادگا.
