گرێبەستەکەی نێوان تۆتاڵ و عێراق دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
قەبارەی وەبەرهێنانەکەی 27 میار دۆلارە
K24 – هەولێر
بڕیارە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵەوە، گرێبەستە 27 ملیار دۆلاریەکەی کۆمپانیای تۆتاڵ لەگەڵ عێراق بچێتە بواری جێبەجێکردەوە.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی عێراقییە کە پشتی بە راگەیەندراوی وەزارەتی نەوت بەستووە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ گرێبەستە 27 ملیار دۆلاریەکەی تۆتاڵ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی گرێبەستەکە، کۆمپانیای تۆتاڵ چوار پڕۆژەی گەورە لە باشووری عێراق ئەنجام دەدات، کە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو واژۆی لەسەرکرا.
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی چوار پڕۆژە لە عێراق پەرەپێدەدات، کە قەبارەی وەبەرهێنانەکەی 27 میار دۆلارە.
ئاماژەی بەوەشدا، پڕۆژەکان بریتین لە درێژکردنەوەی هێڵی بۆری و پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی ئەرتاوی هەروەها وەبەرهێنان لە گازی سروشتی بە قەبارەی 600 ملیۆن پێ سێجا بە دوو قۆناغ و پڕۆژەی وەبەرهێنان لە وزەی خۆر.