حكوومه‌تی عێراق مه‌رجه‌كانی سندووقی نێوده‌وڵه‌تی دراو قبووڵكرد
كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی و به‌رزكردنه‌وه‌ی داهات و پێدانی مافه داراییه‌كانی كۆمپانیا بیانییه‌كانی نه‌وت تێدایه
K24 – هه‌ولێر
به‌رپرسێكی باڵای حكوومه‌تی عێراق رایگه‌یاند به‌غدا ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌كانی سندووقی نێوده‌وڵه‌تی دراو داوه بۆ وه‌رگرتنی قه‌رز، كه به‌هۆی نزمبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت به‌ده‌ست كه‌مبوونی نه‌ختینه ده‌ناڵێنێت.
مه‌زهه‌ر ساڵح راوێژكاری سه‌رۆكوه‌زیران حه‌یده‌ر عه‌بادی بۆ سیاسه‌تی دارایی رایگه‌یاند رێككه‌وتنه‌كه له مانگی ئایار له‌نێوان عێراق و سندووقی دراو ئیمزاكراوه. به‌پێی رێككه‌وتننامه‌كه، عێراق ره‌زامه‌ندیی پیشانداوه له‌سه‌ر پێدانی ته‌واوی مافه داراییه‌كانی كۆمپانیا بیانییه‌كانی نه‌وت تا كۆتایی ساڵ، به‌ڵام بڕی ئه‌و پاره‌یه ئاشكرا نه‌كرد كه حكوومه‌ته‌كه‌ی قه‌رزداری كۆمپانیاكانه.
عێراق پاش نزمبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، بۆ چاره‌سه‌كردنی كورتهێنانی بودجه‌كه‌ی داوای یارمه‌تی له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كردووه، كه به‌هۆی نزمبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، داهاتی عێراق دابه‌زیوه و كورتهێنانی بودجه به‌رز بۆته‌وه و پێدانی مافه داراییه‌كانی كۆمپانیا بیانییه‌كانی نه‌وت دواخراوه.
سندووقی نێوده‌وڵه‌تی دراو له‌مانگی ئایاری رابردوو به كۆمه‌ڵێك مه‌رجه‌وه ره‌زامه‌ندیی پیشاندا له‌سه‌ر پێدانی قه‌رزێكی 5.4 ملیار دۆلاری كه له‌ماوه‌ی سێ ساڵدا به عێراق ده‌دات. جێبه‌جێكردنی رێكاره‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی و به‌رزكردنه‌وه‌ی داهاتی نانه‌وتی و پێدانی مافه داراییه‌كانی دواخراوی كۆمپانیاكانی نه‌وت كه خۆی له چه‌ندین ملیار دۆلار ده‌دات، مه‌رجی سه‌ره‌كین بۆ پێدانی قه‌رز به عێراق.
ساڵح هه‌روه‌ها وتی حكومه‌تی عێراق له كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر مه‌رجه‌كانی سندووقی نێوده‌وڵه‌تی دراو داوه و به ئه‌نجومه‌نی كارگێڕی سندووق راگه‌یاندووه.
وتیشی به‌غدا پێشبینی ده‌كات ئه‌نجومه‌نی كارگێڕی سندووق له كۆتایی مانگی حوزه‌یران یان سه‌ره‌تای ته‌موز وه‌جبه‌ی یه‌كه‌می قه‌رزه‌كه بداته عێراق كه نزیكه‌ی 600 ملیۆن دۆلاره.
راوێژكاره‌كه‌ی عه‌بادی سه‌باره‌ت به چاكسازیی ئابووری داواكرا له عێراق وتی به‌رزكردنه‌وه‌ی باج و كڕێی كاره‌با و باشتركردنی چاودێری بانكی بۆ بهرهنگاروبونهوهی گه‌نده‌ڵی و شۆردنه‌وه‌ی پاره به‌شێكن له چاكسازیی ئابووری. هه‌روه‌ها له چوارچێوه‌ی چاكسازی داواكراوه گوشار بخرێته سه‌ر كۆمپانیاكانی حكوومی و پێداچوونه‌وه به‌و قه‌باره زۆره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی بكرێت.
وه‌زیری دارایی عێراق هۆشیار زێباری پێشتر رایگه‌یاندبوو رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ سندووقی نێوده‌وڵه‌تی دراو، رێگه له به‌رده‌م یارمه‌تیی نیوده‌وڵه‌تی بۆ عێراق ده‌كاته‌وه، كه بڕه‌كه‌ی ده‌گاته 18 ملیار دۆلار له ماوه‌ی سێ ساڵدا.