قه‌یرانی ئۆكرانیا جیهان ده‌خاته لێواری داڕمانی ئابووری
پێشبینییه ئابوورییه‌كانی جیهان بۆ ئه‌گه‌ری هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا مه‌ترسیدارن.. گوێیه‌كان چاوه‌ڕێی بیستنی ده‌نگی ته‌پڵی ده‌ستپێكردنی جه‌نگن

K24- هه‌ولێر:
له‌گه‌ڵ به‌هێزبوونی ئه‌گه‌ره‌كان بۆ مه‌ترسییه‌كانی هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا، نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهان له 100 دۆلار نزیك ده‌بێته‌وه، له‌كاتێكدا یه‌ده‌گی نه‌وت و غاز له‌سه‌ر ئاستی جیهان سنوورداره، كه به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئه‌مه وایكردووه، جووڵه‌ی رووسیا به‌ره‌و ئۆكرانیا به ره‌هه‌ندێكی جیۆسیاسیی مه‌ترسیدار لێكبدرێته‌وه له‌باره‌ی كاریگه‌ری ئه‌گه‌ره‌كانی په‌لاماری رووسیا له‌سه‌ر نرخی وزه له جیهان.
رووسیا كه سێیه‌م وڵاتی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وته له جیهان و رۆژانه نزیكه‌ی 5 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی خاو هه‌نارده ده‌كات، كه ده‌كاته 12%ی كۆی بازرگانی كه‌رتی وزه له جیهان و رۆانه نزیكه‌ی 2 ملیۆن و 500 هه‌زار به‌رمیلیش له لێوهرگریاوهكانی پترۆڵ ده‌خاته بازاڕه‌كانی جیهان، كه به گوته‌ی بانكی وه‌به‌رهێنانی "كوین"، ئه‌م بڕه هاوتایه له‌گه‌ڵ 10%ی قه‌باره‌ی بازرگانی جیهانی بۆ ئه‌و ماددانه.
پێشبینییه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن، كه هه‌ڕه‌شه‌كانی رووسیا بۆ داگیركردنی خاكی ئۆكرانیا، "بازاڕی نه‌وتی جیهانیی هه‌ژاندووه"، ئه‌مه‌ش وایكردووه نرخی یه‌ك به‌رمیل له 100 دۆلار نزیك ببێته‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌وانه‌ی له بواری بازرگانی نه‌وتی كار ده‌كه‌ن، جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، یه‌ده‌گی وزه له جیهان به‌شی ئه‌وه ناكات له كاریگه‌ریی ئه‌گه‌رێكی له‌م شێوه‌یه گه‌وره كه‌م بكاته‌وه.

وێڕای ئه‌وه‌ی له دوا مامه‌ڵه‌كانی ئه‌مڕۆی گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كاندا نرخی نه‌وت دابه‌زینێكی كه‌می به‌خۆیه‌وه بینی و خاوی برێنت بۆ هه‌ر به‌رمیلێك 0.3%ی نرخه‌كه‌ی له‌ده‌ستدا و گه‌یشته‌وه 94.07 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له ساڵی 2014ـه‌وه، ئێستاش له به‌رزترین ئاستی پێوانه‌یی 8 ساڵی رابردوودایه.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس، له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌دا، نرخی نه‌وت له به‌رزترین ئاستی پێوانه‌یی نزیك بووه‌ته‌وه و ئاژانسه‌كه له‌سه‌ر زاری فێنسنت بۆی، شرۆڤه‌كار له كۆمپانیای نێوه‌ندگیری دارایی "ئای جه‌ی فرانس" گواستییه‌وه، "هه‌موو چاوه‌كان له‌سه‌ر نرخی نه‌وتن و پێشبینی ده‌كرێت له ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا بگاته 100 دۆلار، كه ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ڵئاوسان".
نیگه‌رانییه‌كان له‌باره‌ی قه‌یرانی ئۆكرانیا له‌كاتێكدان، كه له‌گه‌ڵ زیادبوونی خواست له‌سه‌ر نه‌وت، وڵاتانی (ئۆپیك پڵه‌س) رۆژانه رێژه‌یه‌كی زیاتر ده‌خه‌نه بازاڕه‌وه، به‌ڵام نه‌یتوانیوه تا ئێستا ئامانجه‌كان بپێكێت، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كۆمپانیاكانی نه‌وتی تاوێریی ئه‌مه‌ریكا به‌ڵێنیان داوه، سنوورێك بۆ گه‌شه‌ی به‌رهه‌مهێنان دابنێن و بڕێكی زیاتر نه‌ختینه بۆ خاوهنپشكهكانان بگه‌ڕێننه‌وه، ئه‌مه‌ش وایكردووه كه له ئه‌گه‌ری هاتنه‌پێشه‌وه‌ی هه‌ر حاڵه‌تێكی نائاسایی، نه‌توانرێت ئه‌و كه‌لێنه پڕبكرێته‌وه.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، "ئه‌گه‌ر گرژییه‌كانی ئۆكرانیا بوونه هۆی ئه‌وه‌ی دابه‌زینێكی گه‌وره له ئاستی خستنه‌بازاڕی نه‌وتی رووسیا دروست بێت، ئه‌وا ده‌بێته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر لاسه‌نگكردنی هاوسه‌نگیی نێوان خواست و خستنه‌ڕوو له جیهان".
داڕمانی بازاڕه‌كانی دراو:
مه‌ترسییه‌كان له‌باره‌ی هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا بووه‌ته هۆی ئاوهژووبوونهوهیهكی گه‌وره له بۆرسه و بازاڕه‌كانی دراو له‌سه‌ر ئاستی جیهان، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ڵئاوسانی ئه‌وه‌نده‌ی دیكه زیاد كردووه و له‌و باره‌شه‌وه فرانس پرێس رایگه‌یاند، "ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، به‌هۆی مه‌ترسییه‌كانی هێرشی له‌ناكاوی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا بۆرسه و بازاڕه‌كانی دراو له جیهان داڕمانێكی گه‌وره‌یان به‌خۆیه‌وه بینیوه".
له سه‌ره‌تای مامه‌ڵه‌كانی ئه‌مڕۆدا بازاڕه‌كانی ئه‌وروپا داڕمانێكی به‌هێزی تۆماركرد، به شێوه‌یه‌ك له میلانۆ زیانه‌كان به رێژه‌ی 3.68% و له پاریس 3.51% و له فرانكفۆرت 3.28 تۆماركران و له مانگی ئۆكتۆبه‌ری رابردووه‌وه گه‌یشتنه نزمترین ئاست و له له‌نده‌نیش زیانه‌كان به 1.91 تۆماركران. به‌ڵام گه‌وره‌ترین زیان له بۆرسه‌ی پێوه‌ری پشكه‌كان له مۆسكۆ تۆماركرا، كه رێژه‌كه‌ی 4.29% بوو.
نیگه‌رانییه‌كان له‌باره‌ی دۆخی جیۆسیاسی لای وه‌به‌رهێنه‌ران له رۆژی هه‌ینییه‌وه ده‌ستیان پێكردووه، كاتێك كه به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا له لێدوانه‌كانیان هۆشدیارییان له باره‌ی په‌لاماری له‌ناكاوی رووسیا دا، ئه‌و هۆشدارییانه له پێوه‌ری "وۆڵ ستریت" دۆخه‌كه‌یان له سه‌وزه‌وه بۆ سوور نیشاندا و پێوه‌ری "دا‌و جۆنز" به‌ڕێژه‌ی 1.43% دابه‌زینی به‌خۆیه‌وه بینی و ناسداك به رێژه‌ی 2.78% دابه‌زینی بینی، له‌كاتێكدا پێوه‌ری "ئێس ئاند بی 500" به‌ڕێژه‌ی 1.90% دابه‌زی.

رۆژی یه‌كشه‌ممه واشنتن هۆشدارییه‌كانی نوێكرده‌وه، له‌وه‌ی كه له هه‌ر ساتێك‌دا بێت، ده‌كرێت رووسیا هێرشه‌كه‌ی ئه‌نجام بدات، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه بوو، كه هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كانی به‌رپرسانی رۆژئاوا بۆ هێوركردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی ئۆكرانیا له‌گه‌ڵ رووسیا شكستیان هێنا.
جیسۆن بۆردۆڤ، به‌ڕێوه‌به‌ری دامه‌زراوه‌ی ناوه‌ندیی زانكۆی كۆڵۆمبیا بۆ سیاسه‌ته‌كانی وزه‌ی جیهان به وۆڵ ستریت جۆرناڵی راگه‌یاند، "ئێمه ئاماده‌كاری بۆ ماوه‌یه‌ك له گرژی و نیگه‌رانی ده‌كه‌ین... كاتێك بازاڕه‌كانی وزه سنووردار ده‌بن، هه‌ڕه‌شه‌كان روونتر ده‌رده‌كه‌ون".
نیگه‌رانییه‌كان له جیهان
شرۆڤه‌كاران و راوێژكاران ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، رووسیا كه به یه‌كێك له گه‌وره‌ترین هه‌نارده‌كاری كاڵا داده‌نرێت، له‌وانه‌ش گه‌نم، له‌وانه‌یه ململانێكانی له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا ببێته هۆی روودانی ناسه‌قامگیری له نرخی كاڵا جیهانییه‌كان.
هه‌روه‌ها ده‌كرێت به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری نرخی غازی سروشتی و نه‌وت به‌دوای خۆیدا بهێنێت و نرخی به‌نزین و چه‌ند كاڵایه‌كی دیكه‌ش له سه‌رانسه‌ری جیهان چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی ئێستا لێبێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی هه‌ڵئاوسانێكی تۆقێنه‌ر له جیهان.
شرۆڤه‌كاران هۆشداری له ناسه‌قامگیری له هه‌نارده‌ی غازی سرووشتی رووسیا ده‌ده‌ن، كه رۆژانه نزیكه‌ی 23 ملیۆن پێی سێجا هه‌نارده ده‌كات، واتا نزیكه‌ی 25%ی كۆی بازرگانی جیهانی له بواری غازی سرووشتی، كه رێژه‌ی 85%ی ئه‌و غازه بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌چێت.
پێشبینی ده‌كرێت، له ئه‌گه‌ری روودانی جه‌نگ، تۆڕی هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی غازی رووسی بۆ ئه‌وروپا له ناو خاكی ئۆكرانیا په‌ك بكه‌وێت.

هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر رووسیا رێژه‌ی هه‌نارده‌كه‌ی له غازی سرووشتی بۆ ئه‌وروپا كه‌م بكاته‌وه، یانیش ئه‌مه‌ریكا سزا به‌سه‌ر مۆسكۆدا بسه‌پێنێت، كۆمپانیاكانی ئه‌وروپا له به‌ده‌ستهێنانی پێداویستیی سووته‌مه‌نی رووبه‌ڕووی سه‌ختییه‌كی گه‌وره ده‌بنه‌وه.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند مانگه‌دا نرخی غاز له ئه‌وروپا ئاستێكی پێوانه‌یی تۆماركردووه، له ئه‌نجامی ئه‌مه‌ش، زۆرێك له كۆمپانیاكانی ئه‌مه‌ریكا، قه‌ته‌ر و ئوستراڵیا، كه هه‌موو تواناكانیان داوه‌ته به‌رهه‌مهێنان، زۆرێك له یه‌ده‌گی خۆیان له غازی سرووشتی بۆ ئه‌وروپا ره‌وانه كردووه.
شرۆڤه‌كاران جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت دابه‌زینی به‌رهه‌مهێنانی غازی سرووشتی دوو ئه‌وه‌نده كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕی نه‌وت دابنێت، به شێوه‌یه‌ك كه له‌وانه‌یه ركابه‌ریی توند و به‌رزبوونه‌وه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری نرخی غاز هه‌ندێك له وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و ئه‌وانه‌ی دیكه كه به غاز كارده‌كه‌ن، ناچار بن له بری غاز نه‌وت به‌كاربهێنن، ئه‌مه‌ش له كۆتاییدا ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی زیاتری نرخی نه‌وت.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا پیشه‌سازی وزه‌ی رووسیاش نه‌كاته ئامانجی سزاكانی، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت سزاكانی دیكه كاریگه‌ری ناڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر كاڵا سه‌ركییه‌كان دابنێن.
ماتیۆ رید، شرۆڤه‌كار له كۆمپانیای راوێژكاریی "فۆرین ریپۆرتس" كه باره‌گاكه‌ی له واشنتنه، گوتی: بۆ نموونه سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر دامه‌زراوه داراییه‌كانی رووسیا وا ده‌كات كه به سه‌ختی بتوانرێت پرۆسه‌كانی وزه پاره‌دار بكرێن.
رید ئاماژه‌ی به نیگه‌رانی به‌شێك له لایه‌نه‌كانیش له‌وه دا، كه ئه‌گه‌ر گه‌ڕی دووه‌می سزاكان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رووسیا شكستیان هێنا، به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی وزه ده‌بێت.
هه‌روه‌ها گوتی: "مه‌ترسی راسته‌قینه لێره له گه‌ڕی یه‌كه‌می سزاكان نییه.. به‌ڵكو له گه‌ڕی دووه‌مدایه كه دواتر ده‌ستپێده‌كات، ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌ك هه‌ستی به‌وه كرد كه گه‌ڕی یه‌كه‌م ته‌نها به‌هه‌ده‌ردانی كاته".
H.B