مەسرور بارزانی و وەزیری بازرگانی و پیشەسازی قەتەر کۆبوونەوە
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای قەتەر کۆدەبێتەوە

K24 – هەولێر
ئەمڕۆ چوارشەممە (16ی شوباتی 2022)، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دەوحە، لەگەڵ وەزیری بازرگانی و پیشەسازیى قەتەر شێخ محەمەد بن حەمەد ئال سانی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر تاووتوێ کرا، بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و پیشەسازیدا. ھەروەھا گفتوگۆ دەربارەی دەرفەتەکانی بەھێزکردنی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لەنێوان ھەردوولادا کرا.


مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ سێشەممە 15/2/2022، بە سەردانێکی فەرمی لەسەر بانگهێشتی ميری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی-یه بە یاوەری شاندێکی حکومی گەیشتە قەتەر و لە فڕۆکەخانەی دەوحە لەلایەن سوڵتان بن سەعد، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی قەتەر و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی وڵاتەکە پێشوازی لێکرا.
لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر سەردانی دامەزراوەی قەتەری کرد، کە دامەزراوەیەکی قازانج نەویستە بۆ کاروباری توێژینەوە و پەروەردە و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی.