پۆڵه‌ندا ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی به‌ڕووی رووسیادا داخست
رۆژانه ده‌یان گه‌شتی ئاسمانی له رێگه‌ی هێڵی مۆسكۆ – وارسۆ ئه‌نجام ده‌دران

K24- هه‌ولێر:
ماتیۆز موراوسكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پۆڵه‌ندا رێنماییه‌كانی بۆ ئاماده‌كردنی پڕۆژه بڕیارێك له‌لایه‌ن حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی سه‌باره‌ت به داخستنی ئاسمانی پۆڵه‌ندا به‌ڕووی فڕۆكه‌وانیی مه‌ده‌نی رووسیادا ده‌ركرد.
له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی تویته‌ر، مۆراوسكی نووسیویه‌تی: "من رێنماییه‌كان ده‌ركرد، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیارێك ده‌ربكات، تاوه‌كو ئاسمانی وڵاته‌كه‌مان به‌ڕووی كۆمپانیا فڕۆكه‌وانییه‌كانی رووسیادا دابخه‌ین".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، رۆژانه ده‌یان گه‌شتی ئاسمانی له رێگه‌ی هێڵی وارسۆ – مۆسكۆ له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له كۆمپانیاكانی فڕۆكه‌وانی "ئیرۆڤلۆتی" رووسی و "لوتی" پۆڵه‌ندی ئه‌نجام ده‌درێن.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی پۆڵه‌ندا وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌كه به‌رامبه‌ر هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر وڵاتی ئۆكرانیا، كه ماوه‌ی 2 رۆژه له‌سه‌ر فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا ده‌ستیپێكردووه و تا ئێستا زیانی زۆری گیانی و ماددیی لێكه‌وتووه‌ته‌وه و به‌هۆی ئه‌و هێرشه‌ش سه‌دان هه‌زار هاووڵاتی ئۆكرانیا ئاواره بوونه.
بۆ دووه‌م رۆژه له‌سه‌ر یه‌ك، هێرشه‌كانی رووسیا بۆ سه‌ر وڵاتی ئۆكرانیا به‌رده‌وامه و هه‌رچه‌ند به‌هۆی به‌رده‌وامی شه‌ڕ و بۆردومانه‌كان، تا ئێستا هیچ زانیاری و ژماره‌یه‌كی ورد له‌باره‌ی قه‌باره‌ی زیانه‌كان نه‌زانراوه، به‌ڵام بۆردومانه‌كان به‌سه‌ختی ده‌كرێن و زیانر زۆری گیانی و ماددیی لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
بۆ بینینی ڤیدیۆی زیاتری جه‌نگی رووسیا - ئۆكرانیا سه‌یری چه‌نه‌ڵی تیلگرامی كوردستان24 بكه‌ن
H.B