فه‌یسبووك په‌یجی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی بۆشاییگه‌ری رووسیای راگرت
رووسیاش به‌كارهێنانی فه‌یسبووكی له وڵاته‌كه‌ی راگرت

K24- هه‌ولێر:
ئاژانسی بۆشاییگه‌ری رووسی "رووس كۆسمۆس" رایگه‌یاند، پێگه‌ی فه‌یسبووك په‌یجی تایبه‌تی دیمیتری رۆگۆزین، به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و ئاژانسه‌ی راگرت.
وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی فه‌یسبووك له چوارچێوه‌ی كاردانه‌وه‌كانی هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیایه و له‌و هه‌نگاوه‌یدا په‌یجی ژماره‌یه‌ك به‌رپرس و دامه‌زراوه‌ی راگرتووه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ئه‌مه یه‌كه‌م جار نییه كه په‌یجی رۆگۆزین له پێگه‌ی فه‌یسبووك داده‌خرێت، پێشتریش له 24ی شوبات/ فێبرایه‌ری ساڵی 2021 به‌هۆی یه‌كێك له پۆسته‌كانی، په‌یجه‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر داخرابوو.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆش ده‌سته‌ی فیدراڵی بۆ چاودێری له بواری په‌یوه‌ندی و ته‌كنیكه‌كانی زانیاری "رووس كۆم نادزۆر" رایگه‌یاند، له‌سه‌ر بڕیاری داواكاری گشتیی رووسیا، به‌كارهێنانی فه‌یسبووك له سه‌رانسه‌ری وڵاته‌كه‌یان راگرتووه.
ئه‌و بڕیاره‌ی داواكاری گشتیی رووسیاش له ئه‌نجامی راگرتنی په‌یجی ژماره‌یه‌ك لایه‌نی فه‌رمیی رووسیا و ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی ئه‌و وڵاته له‌لایه‌ن كۆمپانیای فه‌یسبووكه‌وه ده‌ركراوه.
H.B