نرخی نەوت زیاتر بەرزبووەوە

بەرزترین ئاستی خۆی لە 7 ساڵی رابردوودا تۆمار کرد

نرخی نەوت
نرخی نەوت

K24 – هەولێر:

نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان زیاتر بەرزبووەوە و نرخی یەک بەرمیل نەوت لە 110.09 دۆلارەوە گەیشتە 113 دۆلار.

ئەمڕۆ چوارشەممە (2ـی ئازار/مارسی 2022) نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 113 دۆلار و نرخی نەوتی تێکساسیش بە رێژەی زیاتر لە %5 بەرزبووەوە، هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش هێرشەکانی رووسیایە بۆ سەر ئۆکرانیا.

ئەمڕۆ دووەمجارە نرخی نەوت بەرزبوونەوە بەخۆوە دەبینێت، بەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 4.88% بۆ 110.09 دۆلار بەرزبووەوە، هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی رۆژئاوای تێکساس بە رێژەی 5.06% بۆ 108.64 دۆلار بەرز بووەوە.

لە یەکەم رۆژی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە 24/2/2022، بۆ یەکەمجار دوای 7 ساڵ، نرخی یەک بەرمیل نەوت 100 دۆلاری تێپەڕاند.