زێلێنسکی: ئەوەی روودەدات جینۆسایدی ئۆکرانییەکانە
"پێویستە فشار بخەینە سەر رووسیا بۆ ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت"

K24 – هه‌ولێر:
دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی رووسیا نەخۆشخانەیەكی لەدایكبوونی لە ماریوپۆل كردە ئامانج، سەرۆکی ئۆکرانیا مۆسكۆی به تاوانی جەنگی تۆمەتبارکرد كه بووە ھۆی برینداربوونی 17 كەس.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا رایگه‌یاند، فڕێدانی بۆمبێکی ئاسمانی بۆ سەر نەخۆشخانەی لەدایكبوون، بەڵگەی تەواوە لەوەی کە ئەوەی روودەدات جینۆسایدی ئۆکرانییەکانە.
زێلێنسکی راشیگه‌یاند، ئەوروپییەکان ناتوانن بڵێن ئەوەی لە ماریۆپۆل بەسەر ئۆكرانییەكاندا ھاتووە نەتانبینیووە. ده‌شڵێت: "بینیتان و باش دەزانن".
سه‌رۆكی ئۆكرانیا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه: "لە ئەنجامدا دەبێت سزاکان لە دژی رووسیا بەهێزتر بكەن، بۆئەوەی هەرگیز دەرفەتی ئەوە نەڕەخسێت ئەم کۆمەڵکوژییە بەردەوام بێت، پێویستە فشار بخەینە سەر رووسیا بۆ ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت و کۆتایی بەم شەڕە وێرانكەرە بھێنێت".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، بەریتانیا رایگه‌یاند، هێزەکانی رووسیا پێشڕەوییەکی کەمیان لە کیێڤی پایته‌ختی ئۆكرانیا کردووە.
وەزارەتی بەرگری بەریتانیا راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوکرده‌وه، تێیدا هاتووه، لە باکووری رۆژئاوای کیێڤ رووسیا رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە و پێشڕەوییەکانیان سنووردارن.
هه‌روه‌ها له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وەزارەتی بەرگری به‌ریتانیادا هاتووە، لە رۆژانی رابردوودا جووڵەی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا زۆر کەمبوونه‌ته‌وه.
هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا پێی نایه هه‌فته‌ی سێیه‌م، تا ئێستا پتر له یه‌ك ملیۆن ئۆكرانی ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپایی بوونه‌ته‌وه، جیا له كوژرانی هه‌زاران كه‌س و وێرانكردنی شاروشارۆچكه‌كانی ئه‌و وڵاته.