ئه‌مه‌ریكا ستایشی هه‌وڵه‌كانی توركیا ده‌كات

دەبێت بەزووترین کات رووسیا ھێرشەکانی بوەستێنێت

گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی
گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی

K24 – هه‌ولێر:

گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی رایگەیاند سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا، جۆ بایدن پەیوەندییەکی ته‌له‌فۆنیی "بنیاتنەر"یان ئەنجامداوە و بایدن خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو ھەوڵە دیپلۆماتییەی تورکیا دەربڕیوە، کە دوێنێ لە چوارچێوەی کۆڕبەندی دیپلۆماتیی ئانتاڵیا نیشانیداوە،.

جێن ساکی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا ھەڵسەنگاندنی بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئەردۆغان و بایدن کرد.

ساکی ئاماژەی بەوە کرد، کە "پەیوەندییەکی درێژ و بنیاتنەر" لە نێوان ئەردۆغان و بایدن بەڕێوەچووە و باسی لە ھەوڵی تورکیا بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی ده‌رەوەی ئۆكرانیا  و رووسیا لە چوارچێوەی کۆڕبەندی دیپلۆماتیی ئانتاڵیا، کرد.

گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی: "بایدن لەباره‌ی ئەو رۆڵەی کە تورکیا گێڕاوێتی و میوانداریکردنی ئەو دانوستانە دیپلۆماتییەی ئەمڕۆ، زۆر خۆشحاڵ بووە".

لەلایەکی دیکەوە، کۆشکی سپی راگەیەندراوێکی لەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئەمه‌ریکا، جۆ بایدن بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیدا، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەردۆغان و بایدن نیگەرانییەکانیان لە بەرامبەر ھێرشەکانی سەر ئۆكرانیا  خستووەتەڕوو و له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ھاتووە: "ھەردوو سەرۆک جارێکی دیکە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت بەزووترین کات رووسیا ھێرشەکانی بوەستێنێت و بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لە ھەماھەنگیی نێوانیان بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانەکە کردووە".

لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "بایدن خۆشحاڵیی خۆی لە بەرامبەر ھەوڵەکانی تورکیا بۆ پاڵپشتیکردنی چارەسەری دیپلۆماتیی پێکدادانەکان و پەیوەندییەکانی تورکیا لە ماوەکانی رابردوودا لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە بۆ بەرپاکردنی ئاشتی و سەقامگیریی دەربڕی. جگە لەمە، ھەردوو سەرۆک ھەڵسەنگاندنیان بۆ دەرفەتەکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کردووە ".