دوای كۆبوونه‌وه‌ی حه‌نانه‌ سه‌در هه‌ڵوێستی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی خۆی راگه‌یاند

جارێكی دیكه‌ جه‌خت له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی ده‌كاته‌وه‌

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در

K24- هه‌ولێر:

دوای كۆبوونه‌وه‌ی حه‌نانه‌ له‌ شاری نه‌جه‌ف، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در دووپاتیكرده‌وه‌، حكومه‌تی داهاتوو حكومه‌تێكی زۆرینه‌ی نیشتمانی ده‌بێت و نه‌ شه‌رقییه‌ و نه‌ غه‌ربییه‌ ده‌بێت.

له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی سه‌در نووسیویه‌تی: "حكومه‌تی داهاتوو، حكومه‌تێكی "نه‌ شه‌رقی و نه‌ غه‌ربی" ده‌بێت و حكومه‌تێكی زۆرینه‌ی نیشتمانی ده‌بێت".

تویته‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در
تویته‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در

ئه‌م تویته‌ی سه‌در یه‌كه‌م ده‌ربڕینییه‌تی كه‌ دوای كۆبوونه‌وه‌ی حه‌نانه‌ له‌ نه‌جه‌ف ئه‌نجامدرا و هه‌ریه‌ك له‌ هادی عامری، سه‌رۆكی رێكخراوی به‌در، محه‌مه‌د حه‌لبووسی و خه‌میس خه‌نجه‌ر، هه‌ردوو سه‌ركرده‌ی هاوپه‌یمانی سیاده‌ی سوننه‌، فالح ئه‌لفه‌یاز، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی تێیدا به‌شدار بوون.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ دوێنێ میدیا عێراقییه‌كان ناوه‌ڕۆكی په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنیی نێوان موقته‌دا سه‌در و نوری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسایان بڵاوكرده‌وه‌ و وه‌ك رایانگه‌یاند، له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا مالیكی به‌ سه‌دری راگه‌یاندووه‌، كه‌ پێشوازییان له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌در كردووه‌، بۆ كاندیدكردنی جه‌عفه‌ر ئه‌لسه‌در، بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی داهاتووی عێراق.

وه‌ك میدیاكان ئاماژه‌یان پێدا، په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی نێوان سه‌در و مالیكی دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئیتاری ته‌نسیقی ئه‌نجامدراوه‌ و هه‌ریه‌ك له‌ كوتله‌ی سه‌دری و ئیتاری ته‌نسیقی له‌ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی نزیكبوونه‌ته‌وه‌.

H.B