فوئاد حوسێن: حكومه‌تی داهاتووی عێراق له‌كاتێكی نزیك راده‌گه‌یه‌نرێت

"عێراق به‌ ته‌نیا ئه‌و وڵاته‌ دیموكراته نییه‌ كه‌ به‌ زه‌حمه‌ت حكومه‌ت پێكبهێنێت"

فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق
فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق

K24- هه‌ولێر:

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاشكرای ده‌كات، له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا حكومه‌تی نوێی عێراق پێكده‌هێنرێت.

فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ میانی كۆڕبه‌ندی ئه‌نتاڵیا رایگه‌یاند،" 40 ساڵه‌ عێراق تارمایی دكتاتۆرییه‌ت دایپۆشیبوو، بۆیه‌ له‌ هه‌وڵداین هورده‌ هورده‌ ئه‌مه‌ چاك بكه‌ین". ده‌شڵێت: "به‌ر له‌ 5 مانگ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئه‌نجامدرا و گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق راشیگه‌یاند، عێراق به‌ ته‌نیا ئه‌و وڵاته‌ دیموكراته نییه‌ كه‌ به‌ زه‌حمه‌ت حكومه‌ت پێكبهێنێت، ده‌كرێت نموونه‌ی به‌لژیكا وه‌ربگرین، چونكه‌ به‌لژیكا ماوه‌ی ساڵێك هه‌وڵیدا حكومه‌ت پێكبهێنێت، نه‌یتوانی.

حوسێن جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، حكومه‌تی ئێستای عێراق هه‌وڵی به‌رده‌وام ده‌دات تاوه‌كو كابینه‌ی نوێ رابگه‌یه‌نرێت، ره‌نگه‌ له‌كات و ماوه‌یه‌كی كورت رووبدات.‌‌

Fly Erbil Advertisment