دزی لە گوندە چۆڵکراوەکانی دێرەلووک دەکرێت
لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە چەندین گوندی سنووری دێرەلووک چۆڵکراون، ئەمەش دەرفەتی بۆ گرووپێک رەخساندووە تاوەکو گۆڕەری کارەبا (محەویلە)، کێبڵی کارەبا و کەلوپەلی ماڵان و جووتیاران بدزن و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
مەحموود نهێلی هاووڵاتییەکی سنووری دێرەلووکە و بە کوردستان24ـی راگەیاند، ماوەی دوو بۆ سێ ساڵە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان پەکەکە و تورکیاوە دانیشتووانی ژمارەیەکی زۆری گوندەکانی سنووری ناحیەی دێرەلووک، ناوچەکانیان چۆڵکردبوو؛ ئێستا تەنیا بە رۆژ بۆ ئاگاداربوون لە رەز و باخەکانیان سەردانی گوندەکان دەکەن و شەوانە دەگەڕێنەوە.
ئەو هاووڵاتییە گوتی، "گرووپێک لە دزیاریکەران دەرفەتەکەیان قۆستووەتەوە و چوونەتە نێو گوندەکان. نەک تەنیا گۆڕەر (محەویلە) و کێبڵی کارەبا، بگرە کەلوپەلی کشتوکاڵی، ترومپای ئاویشیان بردووە".
بە گوتەی مەحموود نهێلی، ئەو گرووپە بە ئۆتۆمبێل چوونەتە نێو گوندەکان و شتومەکەکانیان بارکردووە. ئامانجی سەرەکیشیان لەم کارە، دەرهێنان و فرۆشتنی مس و ئاسنی نێو کەلوپەلەکانە. گۆڕەری کارەباکەیان تەنیا بۆ ئەوە بردووە تاوەکو پارچە پارچەی بکەن و مسەکەی ناوی بفرۆشن، نەک ئەوەی وەک گۆڕەرێک بیفرۆشنەوە.
ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوە دا، نرخی تەنیا یەکێک لەو گۆڕەرانە زیاتر لە شەش هەزار دۆلارە. داگرتن و بڕینی کارەباکەشی کارێکی زۆر سەخت بووە، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن لێکۆڵینەوەی رژد بکەن بۆ ئەوەی ئەنجامدەران ئاشکرا بکرێن و رووبەڕووی سزای یاسایی ببنەوە.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، بەهۆی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ژمارەیەک گوندی سنووری لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە سنووری قەزای ئامێدی چۆڵکراون و دانیشتووانیان ناچار بوون شوێنی نیشتەجێبوونیان جێبهێڵن. چۆڵبوونی ئەو گوندانە کاریگەریی لەسەر ژیانی دانیشتووان و چاودێریکردنی موڵک و سامانەکانیان هەبووە.