وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، واشنتن بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی سیپاک، کە گەورەترین کۆبوونەوەی ساڵانەی پارێزگاران و کۆمارییەکانە لە ئەمریکا، رایگەیاند: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چاوی لە دۆسیەی ئێران دانەخستووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، ترەمپ رووبەڕووی تاران بووەتەوە، چونکە ئامانجی ئەو وڵاتە لەناوبردنی ئەمریکا و شێوازی ژیانییەتی. روبیۆ گوتی: قبووڵی ناکەین دەسەڵاتێکی توندڕەو ببێتە خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژ.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ لە وێست پاڵم بیچی ویلایەتی فلۆریدا رایگەیاند: ئەگەر لێدانمان لە ئێران نەدایە، لەوانەیە ئەمڕۆ ئیسرائیل بوونی نەدەما. سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەگەر ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بووایە، بەکاری دەهێنا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە تەواوی دەسڕییەوە.
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە، ئێران دوای 8 مانگ لە جەنگ، سوپا و ئابوورییەکەی داڕماوە و ئێستا هەوڵی کۆتاییهێنان بە ململانێکان دەدات. لە کۆتاییدا گوتی: ئێستا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین و ئەوان زۆر بە پەرۆشن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.