رووسیا: رێكاره‌كانی خۆرئاوا نرخی خواردنیان له جیهان به‌رز كردووه‌ته‌وه
"وڵاتانی خۆرئاوا و ئه‌وروپا هه‌وڵه‌كانیان چڕ كردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامێتی رووسیا له رێكخراوی بازرگانی جیهان هه‌ڵپه‌سێرن"

K24 – هه‌ولێر:
نێرده‌ی هه‌میشه‌یی رووسیا له رێكخراوی بازرگانیی جیهانی رایگه‌یاند، ئه‌و كۆتوبه‌نده سیاسییانه‌ی به‌سه‌ر رووسیادا سه‌پێنراوون، بوونه‌ته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر بازرگانی جیهانی.
نێرده‌ی رووسیا له رێكخراوه‌كه، له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایشیگه‌یاند، پێویسته هه‌رچی زووه ده‌ستبكرێت به ئاساییكردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌و بابه‌ته له بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تا بۆ جیهان مه‌ترسیدارتره.
هه‌روه‌ها هاتووه: پێشێلكردنی رێساكانی رێكخراوی بازرگانی جیهانی فشارێكی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر بازرگانی جیهانی درووستكردووه و نرخی سووته‌مه‌نی و سه‌رچاوه سرووشتییه‌كان و خواردن به‌رز بووه‌ته‌وه.
له ئێستادا، وڵاتانی خۆرئاوا و ئه‌وروپا هه‌وڵه‌كانیان چڕ كردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامێتی رووسیا له رێكخراوی بازرگانی جیهان هه‌ڵپه‌سێرن.
رووسیا یه‌كێكه له وڵاته سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌نارده‌كاری نه‌وت و غاز و دانه‌وێڵه له ئاستی جیهاندا و به هۆی ئه‌و سزایانه‌ی خراونه‌ته سه‌ری، نرخی سووته‌مه‌نی له ئه‌وروپا و خۆراك له جیهاندا به‌رز بووه‌ته‌وه.
رۆژی (24ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، رووسیا رایگه‌یاند، بۆ پاراستنی خه‌ڵكی نه‌ژاد رووسیایی له ئۆكرانیا و هه‌رێمه‌كانی دۆنباس و لۆگانتسك، ئۆپراسیۆنی سه‌ربازیی بۆ سه‌ر خاكی ئۆكرانیای ده‌ستپێكردووه.