جەنگی داعش لە عێراق دەکرێتە دراما

باس لە رۆڵی پێشمەرگە و سوپای عێراق کراوە

K24 - هەولێر:

درامای "ليلة السقوط" (شەوی کەوتن) کە باس لە رووداوەکانی جەنگی داعش دەکات لە عێراق لە مانگی رەمەزان لە MBC پەخش دەکرێت.

درامەکە بەرهەمی کۆمپانیای "بلا حدود"ـەو د. قەیس رەزوانی بەڕێوبەری بەرهەمهێنانی پرۆژەکە بووە.

ئارێز ئەحمەد ئەندامی ستافی بەرهەمهێنانی دراماکە و یاریدەدەری هاوکاری هونەری بە کوردستان24ـی راگەیاند، دراماکە نزیکەی دوو ساڵ کاری بۆ کراوە و وێنەگرتنەکەی 122 رۆژی خایاندووە، سیناریۆی پرۆژەکە لەلایەن "مەجدی سابر"ـەوە نووسراوە و ناجی تەعمی دەرهێنەری درامەکەیە. 

ئارێز باسی لە ناوەڕۆکی دراماکەش کرد و گوتی "دراماکە باس لە رۆڵی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە رووبەرووبوونەوەی تیریۆریستانی داعش دەکات و لە بەشێکیدا سەرنج دەخاتە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە رۆڵی هەبووە لە گێڕانەوەی کچە یەزیدیەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش.

بڕی تێچووی دراماکە پێنج ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە و ژمارەیەك ئەکتەری دیاری عەرەب بەشداریان تێدا کردووە.

وێنەگرتنی دراماکە لە شاری هەولێر و دهۆک و موسڵ و سنووری ناوچەکانی چواردەوری گیراوە و کەسانی بە رەگەز سووری و تونسی و میسری و کورد و لوبنانی و عێراقی لە ستافی وێنەگرتندا هەبوون کە ژمارەیان دەگەیشتە 70 کەس.

H.H