خانمی یەکەمی ئۆکرانیا دەربارەی ژیان و شەڕی رووسیا چی دەڵێت؟

ئۆلێنا زێلێنسكی: جیاوازی ئێمە و رووسەکان لەوەدایە، كه‌ ئێمە لە داهاتوو دەڕوانین و ئەوان لە ڕابردوو

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا و ئێلینای هاوسه‌ره‌كه‌ی
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا و ئێلینای هاوسه‌ره‌كه‌ی

K24- هۆلەندا: 

له‌ چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ برونێللا جۆڤارا، نێردراوی رۆژنامەی لاریپوبلیکای رۆژانەی ئیتالی، ئۆلێنا زێلینیسکی، خانمی یەکەمی ئۆکراینا له‌ شاری لیۆپۆلی وەڵامی ژماره‌یه‌ك پرسیاری له‌باره‌ی بابەت و باسه‌كانی رۆژی دایه‌وه‌ و گوتی: من بەختەوەرم بەوەی ناچارنیم لە منداڵەکانم داببڕێم، ئەوان هاوکاری و پشتگیریم دەکەن و دەمەوێت لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر (هاوسەرەکەی) پیرببین و نەوەکانمان لەچواردەورمان بن.

ئۆلێنا زێلینیسکی، خانمی یەکەمی ئۆکرانیا، کە وڵاتەکەی له‌ دژی هێرشی رووسیا لەناو شەڕێکی بەرگریکردندایە و كه‌سێكی وەك هاوسه‌ره‌كه‌ی لەلایەن رووسەکانەوە داواکراوە، لەگەڵ دوو منداڵەکەیدا لە شوێنێکی نهێنی دەژین و بەردەوامە لە کارکردن لە رێکخراوی “convoy for life” کاروانێك لە پێناوی ژیاندا، کە تایبەتە بە منداڵانی ئاوارە و نەخۆش.

لە وەڵامی پرسیاری ''تۆ مانەوەت لە ئۆکرانیا هەڵبژارد، له‌کاتێکدا دەتوانی بەئارەزووی خۆت بچیته‌ دەرەوە و کوێت پێ خۆشبێت و لەدڵنیاییدا بوویتایە، بۆچی ئەو بڕیارەت هەڵبژارد؟ ئۆلێنا زێلێنسکی گوتی: لەبەر ئەوەی ئێستا ئەوە یەکێکە لە ئەرکەکانم، كه‌ وەك خانمی یەکەم، مێردەکەم لێرەیە، منیش لێرەم، مافی هەرکەسێکە بڕوات، کاتێك نەتوانێت هاوکاری بکات و توانای مانەوەی نەبێت، کەسە سڤیلەکان نابێت بکرێنە قەڵغانی مرۆیی و لەهەمان کاتیشدا پاراستنی شارەکان کارێکی سەخت دەبێت بۆ سەربازەکان. کەواتە پێویستە خێزان، بەتایبەتی منداڵان و بەساڵاچووەکان ناوچەکانی شەڕ جێبهێڵن، باشترە پەنابەربیت لەوەی بمریت.

برونێللا جۆڤارا دەپرسێت، تۆ لەگەڵ منداڵەکانت دەژیت، چۆن باروودۆخەکەت بۆ باسکردوون و ئەوان هەڵوێستیان چی بووە؟

خانمی یەکەمی ئۆکرانیا لەوەڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا گوتی: پێویست ناکات هیچ بۆ منداڵەکان باسبکرێت، لەبەر ئەوەی هەمووی بەچاوی خۆیان دەبینن، ئۆلێکساندرا خۆی گەورەیە و تەمەنی 17 ساڵه‌، بەڵام هەست دەکەم لە ماوەی ئەم مانگەدا زیاتر گەشەی کردووە و گەورەتر بووە، باسی رووداوو هەواڵەکان بەیەکەوە دەکەین، وەك چۆن لە نێوان دوو گەنجدا دەکرێت. کیریلۆ تەمەنی 9 ساڵه‌.. ئەو تەنها بیر لەوە دەکاتەوە، کەی دەگەینە سەرکەوتن، پلان و ستراتێجی دادەڕژێت، لەمەیاندا پاڵەوانێکە بۆ خۆی، لەبەر ئەوەی تەنها منداڵێکە وا بیردەکاتەوە، ئەو بەردەوام خەون بە بینینەوەی هاوڕێکانیەوە دەبینێت، کە زۆر بیریان دەکات و بەردەوام قسەیان لەسەر دەکات، من هەست بە بەختەوەری دەکەم، کە ناچار نەبووم لە منداڵەکانم جیاببمەوە، نازانم چۆن دەمتوانی بێ ئەوان هەڵبکەم. دەتوانم بڵێم: من نیم کە دڵنەوایی ئەوان دەدەم، بە پێچەوانەوە ئەوانن کە هاوکاری و پشتگیری و دڵنەوایی من دەدەن.

خانمی یه‌كه‌می ئۆكرانیا
خانمی یه‌كه‌می ئۆكرانیا

لەوەڵامی پرسیاری، تۆ لە ساڵی 2003 پرۆسەی هاوسەرگیریت كردووه‌، بەڵام لەکەیەوە هاوسەرەکەت دەناسی؟

ئۆلێنا زێلینیسکی ئاشكرایكرد: لە قوتابخانە یەکترمان ناسی، لە کریڤیری، لەشاری لەدایكبوونمان، دەتوانم بڵێم: هەر لە سەرتای لاوییەوە بەیەکەوە بووین، بەڵام خۆشەویستیمان کاتێك 18 ساڵان بووین دەستیپێکرد.

دەربارەی لەبیربوونی خۆشی و ئاسوودەییەکانی ئەوکاتە ئۆلێنا گوتی: ئەو پرسیارە رامدەچڵەکێنێت، وەك ئەوەی ئاسوودەیی بۆ هەتاهەتایە کۆتایی هاتبێت، من دەمەوێت بگەمە تەمەنی پیری لەگەڵ مێردەکەم و هەردووکمان بە نەوەی زۆر چواردەورە بدرێین. من نامەوێت وەك رابردوو بیر لە ژیانی رابردوومان بکەمەوە، من دەڵێم: ئێستا لەم ژیانەدا دەژیین، لەگەڵ ئەوەی رۆژانێکی زۆر رەشە، بەڵام من دڵنیام کۆتایی دێت و وه‌ك یادگاری باسدەکرێن.

خانمی یه‌كه‌می ئۆكرانیا
خانمی یه‌كه‌می ئۆكرانیا

رۆژنامەنووسە ئیتالیەکە دەپرسێت: تۆ و هاوسەرەکەت کاتێك لەدایکبوون ئۆکرانیا لەناو یەکێتی سۆڤیەتدا بوو، چیت لەو ساڵانەی لاوی لەبیرە؟

لەوەڵامدا ئۆلێنا زێلینیسکی باسی ئه‌وه‌یكرد: ئەوکاتەی لاوێتی، کاتێك دایك و باوکت گەنجن و هیچ کێشەیەك لە ئارادا نییە، تەنها سەرقاڵی بۆنە وئاهەنگ و دیاری وەرگرتن، گەشتی هاوینان بۆ کەنار دەریا و رووبارەکان دەبیت، بەڵام ئەمانە هەمووی پەیوەندیان بە رووسیاوە نەبوو، ئەمڕۆ رووسەکانن وەك ڕابردوو بیردەکەنەوە و گەڕاونەتەوە بۆ ئەو رابردووە، کە هیچ مانایەکی نییە، ئەو وڵاتە تازە بوونی نییە و بوونیشی نابێتەوە، زۆر پێش ئێستا کۆتاییهات. بەم شەڕەیان رووسەکان تەنها دووبەرەکی و کینە و جیاوكارییان دروستکرد و خستە نێوانمانەوە. جیاوازیەکانمان لەوەدایە، کە ئێمە لە داهاتوو دەڕوانین  و ئەوان لە رابردوو.

زێلێنسكی و هاوسه‌ره‌كه‌ی، وێنه‌: ئه‌رشیڤ
زێلێنسكی و هاوسه‌ره‌كه‌ی، وێنه‌: ئه‌رشیڤ

لە وەڵامی پرسیاری: هیچ زانیاریت لەسەر کریڤیری، کە دەکەوێتە باشووری وڵات هەیە؟ خانمی یەکەمی ئۆکرانیا گوتی: کریڤیری شارێکی گەورەی پیشەسازییە و کارگەی زۆری میتالی تێدایە، یەکێکە لە ئامانجەکانی رووسیا و لەیەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشی کرایە سەر و سوتاندن و قوربانیش هەبوون، ئێستاش ئارام نییە و بەداخەوە لە چاوەڕوانی هێرشی دیكه‌دایە.

دەربارەی بەراوردکرنی ژیانی پێش شەڕ و ئێستا، هەست بە چ کەموکوریەك دەکەیت؟ ئۆلینا دووپاتیكرده‌وه‌: توانایەکی زۆر کەم لەبەردەستت بێت و بتوانیت پلانی رۆژی دواتر دابڕێژیت و رۆژێکی ئاسایی بەسەربەریت، بەیانی هەستیت و بەرەو کار بڕۆیت، بە ئۆتۆمۆبێل لەناو قەڕەباڵغی و جەنجالی هاتووچۆی سەنتەردا وەستابیت و لەگەڵ منداڵەکان باس لە پلانی ئێوارە بکرێت، لە ماسنجەر نووسین و هەواڵی کەسە نزیکەکانت بخوێنیتەوە، کە باس لە شەڕ نەکرێت، لەوەم کەمە بچمە بازاڕ و مارکێتەکان پێداویستی خواردنی ئێوارە ئامادەبکەم.

هەروەها گوتی: بۆڵەبۆڵ بەسەر مێردەکەمدا بکەم، کاتێك ئێواران درەنگ لەسەر کار گەڕاوەتەوە و دواتر هەموو شت ئاسایی دەبێتەوە، بەڵێ هەست بەنەبوونی ژیانێکی ئاسایی دەکەم، دەمەوێت ناوی بنێم کاتێکی نامۆیە، بەڵام ئەوەش تەواو نییە و وشەیەکی بەهێز نییە بۆ ئەم بارودۆخە.

ئۆلێنا زێلینیسکی لە باسکردنی ژیانی ئێستای بەردەوام دەبێت و دەڵێت: بەڕاستی هەموو شتەکان بۆ من گۆڕاون، چۆن بۆ ئۆکرانییەکانیش گۆڕاون، ژیانێکی ئاشتیانەمان هەبوو، لە خەونی زۆری پلانی ئاشتیدا بووین، لە ناکاو دەنگی ئاگادارکردنەوەی هاتنی فرۆکە بە ئاگای هێناین، کە تەنها لە فیلمی شەڕدا بینیبومان یان لە کاتی خوێندنی کۆرسی پاراستنی مەدەنی قوتابخانەدا گوێمان لێبوبێت، هەرگیز لە بیرۆکەی ئەوەدا نەبووین، کە رۆژێك بێت و بە پراکتیك پیادەی بکەین. فێری چۆنیەتی  خۆشاردنەوە لە ژێر زەمینەکان دژی بۆمبابارن بووین، یان کاتێك ژێرزەمین لە ماڵدا نەبێت چۆن پەنایەکی ئارام پەیدا بکەین و خۆمان حەشاربدەین. منیش فێری ئەوەبووم، مانای چییە کاتێك بۆ زیاتر لە رۆژێك هەواڵی کەسە نزیك و خۆشەویستەکانت نەزانیت و ئاگاداریان نەبیت، کە ئەمانە هەمووی ژیانی رۆژانەی هەریەکێکە لە ئێمە، ئۆکرانیەکان بە هۆی داگیرکاری رووسیاوە لە خەمی نەمانی پەیوەندیان، هەموو خوازیارن هۆکاری پەیەوەندینەکردن پچرانی کارەبا بێت و لەژیاندا مابن و دەشبێت هەمیشە گەشبین بین، کە هەموو زیندوو و سەلامەت بن.

زێلێنسكی و هاوسه‌ره‌كه‌ی
زێلێنسكی و هاوسه‌ره‌كه‌ی

ئۆلێنا زێلینیسکی، خانمی یەکەمی ئۆکرانیا باس لە کاری ئێستای كرد و گوتی: ئێستا خۆم و ستافەکەم هەموومان سەرقاڵی هاوکاری مرۆیین، لەهەمووی گرنگتر کاری سەرەکیمان رزگارکردنی ئەو منداڵە نەخۆشانەیه‌ كه‌ شێرپەنجەیان هەیە، لەپێناو بەردەوامبوونی وەرگرتنی چارەسەری و رزگارکردنی ژیانیان، دەیاننێرین بۆ پۆلۆنیا و فەرەنسا تا بەردەوام بن لە وەرگرتنی چارەسەری، ئەمەش بە هاوکاری بەردەوامی وەزارەتەکانی تەندروستی، کاروباری کۆمەڵایەتی و دەرەوە ئەنجام دەدرێن، لەبەر ئەوەی زۆربەی نەخۆشخانەکانی ئۆکراینا بوونەتە جێی ئاوارە و مۆڵگەی خۆشاردنەوە لە بۆمبابارانی فرۆکە رووسیەکان. بەمشێوەیە ئۆکرانیا سەرکەوتن بەدەست دێنێت، بە رزگارکردنی ژیانی منداڵەکانی. کارێکی تریش لەگەڵ خانمە یەکەمەکانی هەموو جیهان بەرەو پێشەوەی دەبەین و جێی خۆیەتی سوپاس و پێزانینی خۆمیان پێڕابگەیەنم، ئەویش بریتییە لە شەڕی گەیاندنی زانیارییەکان، واتە دەمانەوێت کە ئەم هێرشکارییە، بەناوی ئۆپەراسیۆنی تایبەتەوە روونبکەینەوە، کە لەناوبردن و کۆمڵکوژیی بەکۆمەڵە.

برونێللا جۆڤارا پرسیاری كرد: زۆر لە ئافرەتە ئۆکرانییەکان لە ئینستگرام لەگەڵتن و وەك نموونەیەکی مەرجەعیەت دەتبینن؟

لەوەلامدا خانمی یەکەمی ئۆکراینا گوتی: من نموونە نیم و زۆر لە ئافرەتانی ئۆکرانی نموونەن، کە بەڕاستی نموونەیەکن، کە مرۆڤ چاویان لێبکات، وەك خاتوونی دکتۆرە ئیرینا کۆنداترۆڤا، کە لە خارکێف تازە لەدایكبووەکان رزگاردەکات، نەتالیا پێسۆتسکا، پەروەردەکارێکە لە سەنتەرێکی ئاوارەکان لە چێرنیهیڤ، کە ژیانی 30 کەسی بێ دایك و باوکی رزگارکردووه‌، من ناستیا تیکها بە نموونە دەزانم، کچێك لە ئێرپن، توانی برا بچوکەکانی و تەواوی ئاژەڵانی شوێنی ئاژەڵە پەککەوتووەکان رزگاربکات. بەڵێ ئەو ئافرەتانە نموونەن و دەبنە نموونەی باش و بەمشێوەیەن ئافرەتانی ئۆکرانی.

لەکۆتاییدا ئۆلێنا زێلینیسکی، خانمی یەکەمی ئۆکراینا گوتی: یارمەتی هەموو ئەو ئۆکرانیانە دەدەین، کە بەخواستی خۆیان نەچوونەتە دەرەوەی وڵات، كه‌ به‌هۆی شه‌ڕ زیاتر لە 3 ملیۆن کەس رایانکردووەتە دەرەوە، زیاتر ژن و منداڵن بە هەموو وڵاتانی ئەوروپادا بڵاووبوونەتەوە، ئەو کەسانە زۆر ماندوون، زۆرێکیان چەندین شەو و رۆژ لەترسدا ژیاون و بەپێ رۆیشتوون. ئێستا هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین، گه‌نجه‌ ئەوروپییەکان هاوکاریان بن و یارمەتییان بدەن، ئەوان بە خواستی خۆیان نەڕۆیشتوون، هەموو شتێکیان و کەسانی ئازیزیان لەدوای خۆیان جێهێشتووە و لەدەستداون، ئەوانەی ئەوان پێویستیانە، پێدانی شوێنی نیشتەجێبوون، قوتابخانە بۆ منداڵەکانیان و کارە، بەتەوابوونی شەڕیش کاردەکەین بۆ گەڕانەوەی هەموویان بۆ ئۆکرانیا.

H.B