وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا: دۆخی ماریوپۆل زۆر لە کارەساتەکەی شاری بوچا خراپترە

"کارەساتەکانی بوچا، ماریوپۆل و شوێنەکانی دیکە پێویستی بە سزایەکی جیددیی گرووپی (G7) و یەکێتی ئەورووپا ھەیە"

کاولکارییەکانی جەنگ لە ناوچەکانی دەوروبەری کیێڤ.. فۆتۆ: ئازاد ئاڵتون/ کوردستان24
کاولکارییەکانی جەنگ لە ناوچەکانی دەوروبەری کیێڤ.. فۆتۆ: ئازاد ئاڵتون/ کوردستان24

K24 - هه‌ولێر:

دیمیترۆ کولیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا رایگەیاند، کارەساتەکەی شاری بوچا لە نزیك کیێڤ کە سوپای ئۆکرانیا لە ھێزە سەربازییەکانی رووسیای وەرگرتەوە، تەنیا "ئەو بەشەی چیا بەفرینییەکەیە کە دیارە" و دۆخی ماریوپۆل "زۆر خراپترە".

دوای کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لیز ترەس و وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا، دیمیترۆ کولیبا لە وارشۆ-ی پایتەختی پۆڵەندا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان لەسەر دوایین پێشھاتەکانی ئۆکرانیا ئەنجامدا.

کولیبا، ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی جەنگەکەی کیێڤ-ی بردووەتەوە و بەڵام شەڕ ھێشتا بەردەوامە و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، رووسیا خۆی بۆ ھێرشێکی گەورە لە رۆژھەڵاتی ئۆکرانیا ئامادە دەکات.

کولیبا، باسی لەوە کرد، کە رووسیا ھەوڵ دەدات دەستبەسەر ناوچەی زیاتر لە دۆنێتسک و لوھانسک بگرێت و گوتی: ھەوڵ دەدەن ماریپۆل-ی خوێناوی کۆنترۆڵ بکەن. ئەم دڕندەییەی کە لە بوچا بینیمان، بەشێکی کەمی ئەو چیا بەفرینەی تاوانەکانی سوپای رووسیایە، کە تاکو ئەمڕۆ لەسەر خاکی ئۆکرانیا ئەنجامیانداوە.

گوتیشی: بەخەمێکی گەورەوە دەتوانم ئەوەتان پێبڵێم، کە دۆخی ماریوپۆل بە بەراورد لەگەڵ بوچا و شار و ناحیە و گوندەکانی دیکەی نزیك کیێڤ زۆر خراپترە لەوەی بینیومانە. کارەساتەکانی بوچا، ماریوپۆل و شوێنەکانی دیکە پێویستی بە سزایەکی جیددیی گرووپی (G7) و یەکێتی ئەورووپا ھەیە.