نوێترین بڕیاری عەلی زەیدی لەبارەی جورف سەخر

لەسەر راسپاردەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، عەلی فالح زەیدی، فەرمانی دیوانی بۆ پێکهێنانی بارەگای کۆنترۆڵکردن لە جورف سەخر دەرچوو. بەپێی بڕیارەکە، بارەگاکە لە هەموو روویەکەوە بە فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی دەبەسترێتەوە.

ئەمرۆ پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەسەر راسپاردەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، عەلی فالح زەیدی، فەرمانی دیوانی دەرچوو بۆ پێکهێنانی بارەگای کۆنترۆڵکەر لە (جورف سەخر) بەم شێوەیەی خوارەوە:

1. بارەگاکە لە هەموو ڕوویەکەوە بە فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵییەوە دەبەسترێتەوە.

2. دامەزراندنی فەریق ڕوکن ئەحمەد حاتەم حەمید وەک فەرماندەی بارەگای کۆنترۆڵکەر لەگەڵ دامەزراندنی دوو جێگری بۆی:
-جێگرێک بۆ کاروباری بەرگری: لیوا ڕوکن حوسێن عەلی نسەیف.
- جێگرێک بۆ کاروباری حەشدی شەعبی: عودەی عەبدولئەئیمە مەسحەب.

3. چوار پێکهاتە بە بارەگاکە دەبەسترێنەوە، کە بریتین لە:
-لیوایەک لە سوپای عێراق.
- لیوایەک لە پۆلیسی فیدراڵی.
- دوو لیوا لە دەستەی حەشدی شەعبی.
-فەوجێک لە پۆلیسی وزە بۆ دابینکردنی پاراستن بۆ بۆرییە نەوتییەکانی ناوچەکە.

4. کەرتی بارەگای کۆنترۆڵکەر دەکەوێتە ناو سنووری کارگێڕیی جورف سەخر.

5. بارەگاکە لە کاتژمێر شەشی بەیانی رۆژی 20ی تشرینی دووەمی 2026"ـەوە دەکرێتەوە و فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی سەرجەم یەکە ئەمنییەکانی ژێر فەرمانی ئەنجام دەدات.

6. بارەگای کۆنترۆڵکەر بە بەرزترین ئاستی هەماهەنگی، هەماهەنگی دەکات لەگەڵ هەریەک لە فەرماندەیی پۆلیسی بابل و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا.