سەرکردەیەکی حزبوڵڵا بۆ کوردستان24: ناوچەی "جورف سەخر" چۆڵناکەین و چەکیش دانانێین

چەکدارێکی حزبوڵڵای عێراق لە ناوچەی "جورف سەخر" (وێنە: AA)
چەکدارێکی حزبوڵڵای عێراق لە ناوچەی "جورف سەخر" (وێنە: AA)

سەرکردەیەک لە کەتیبەکانی حزبوڵڵا بە کوردستان24ـی راگەیاند، چەک دانانێن و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کێشەکەیان "لەسەر دەستی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی و سەرکردە ژیرەکانی وڵات چارەسەر دەبێت، نەک لەسەر دەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2026، ئەبوو تاڵیب سەعیدی، سەرکردە لە کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ویستی گرەو لەسەر پێکدادانی نێوان ئەوان و هێزە ئەمنییەکان بکات، بەڵام شتی وا هەرگیز روونادات.

سەعیدی گوتیشی، "ئامادەین بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەسەر ئاستی باڵا بەردەوامە، مزگێنی بە هاووڵاتییانی عێراق دەدەین لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کێشەکە چارەسەر دەکرێت، هەڵبەتە لەسەر دەستی سەرۆکوەزیران نا، بەڵکوو چارەسەرێک لە لایەن مەرجەعییەتی باڵای ئایینی، شێخی هۆزەکان، سەرکردەکانی وڵات و سەرکردە ژیرەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە."

سەرکردەکەی کەتیبەکانی حزبوڵڵا روونیشی کردەوە، "ئەوەی سەرۆکوەزیران زەیدی گرەوی لەسەر دەکرد بەوەی پێکدادان لە نێوان ئێمە و هێزە ئەمنییەکاندا دروست ببێت، خەیاڵ و قسەی بێواتا بوو و شتی وا هەرگیز روونادات."

سەبارەت بە دۆسیەی چەکدانانیش، سەعیدی ئاشکرای کرد، "تەنانەت پێش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا نووسراوێکمان واژۆ کردووە و بە سەرۆکوەزیرانمان گوتووە بۆ هاووڵاتییانی دەربخات، دواتر بابەتەکەمان دواخست بۆ ساڵی 2027، بەڵام تۆم بەڕاک پەسەندی نەکرد و ویستی پەلە لە وەرگرتنی چەکی گرووپە چەکدارەکان بکات."

ئەوەشی خستەروو، "ئێستا ئێمە دوا قەڵای موجاهیدانین لە عێراق، تاکە گرووپی چەکدارین نەچووینەتە ژێرباری سەپاندنەکانی ئەمریکا، قەوارەی زایۆنی و چەند وڵاتێکی کەنداو، لێرەشەوە بەڵێن دووبارە دەکەینەوە وەک ئەمینداری گشتی گوتوویەتی، چەکی پیرۆز لە دەستماندا دەمێنێتەوە."

دەربارەی پشکنینەکان و دۆسیەی جورفو سەخر، سەعیدی گوتی، "ئەو کۆمیسیۆنەی بە سەرپەرشتیی هادی عامری، فالح فەیاز و ئەبوو فەدەک پێکهێنراوە، سەردانی سەرتاسەری جورف سەخریان کرد، بەڵام بەداخەوە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە لایەن عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانەوە ساختە کرا، ئەوەتا جورف لە پێش ئێوەیە، فەرموون بڕۆن هەمووی بگەڕێن."

 

لێدوانەکەی سەعیدی لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2026، کەتیبەکانی حزبوڵڵا لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەبوو حوسێن حومەیداوی، ئەمینداری گشتیی گرووپەکە لەگەڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، هادی عامری و فالح فەیاز کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی کێشەی "جورف سەخر" و ئەنجامەکەشی بە "باش" ناوبردووە.

هاوکات دوێنێ 18ی تشرینی دووەم، حکوومەتی عێراق پلانی بڵاوبوونەوەی هاوبەشی سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی و پۆلیسی وزەی پەسەند کرد و بڕیارە لە سبەی هەینی 20ی تشرینی دووەمەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.