سلێمانی.. 3 هه‌فته‌یه پێشمه‌رگه‌یه‌كی پێشووی كۆمه‌ڵه دیارنه‌ماوه
"به‌دواداچوونمان كردووه، لایەنە پەیوەندیدارەکان بێ ئاگایی خۆیان راگەیاندووە"

K24 - هه‌ولێر:
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، پێشمه‌رگه‌یه‌كی پێشووی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان ماوه‌ی 3 هه‌فته‌یه دیار نه‌ماوه و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانیان له سلێمانی ئاگاداركردووه‌ته‌وه، به‌ڵام بێ ئاگایی خۆیان لە چارەنووسی ناوبراو راگەیاندووە.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: رای گشتی ئاگادار دەکەینەوە، کە ماوەی 3 هەفتەیە پێشمەرگەیەکی پێشووی کۆمەڵە بە ناوی "ئەفشین ئەمینی"، کە ماوەی زیاتر لە 2 ساڵ بوو پێشمەرگەی کۆمەڵە نەمابوو، وەك پەنابەری سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەژیا، شەوی 17 لەسەر 18ی مانگی ئادار/ مارسی 2022 لەماڵ هاتووهتەدەر و نەگەڕاوەتەوە.
به گوێره‌ی ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه، لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له سلێمانی ئاگاداركراوه‌ته‌وه، به‌ڵام "لایەنە پەیوەندیدارەکان بێ ئاگایی خۆیان لە چارەنووسی ناوبراو راگەیاندووە".
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، "کۆمەڵە دوای ئاگاداربوون لەو هەواڵە، بەخێرایی لە رێگه‌ی پەیوەندیەکانی کۆمەڵە لە سلێمانیەوە بەدواداچوونی بۆ کردووە و بە بەردەوامی هەموو هەوڵی خۆی خستووه‌تەگەڕ بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کاک ئەفشین و دڵنیابوون لە سه‌لامەتی، بەڵام تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان بێ ئاگایی خۆیان لە چارەنووسی ناوبراو ڕاگەیاندووە".
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران روونیكرده‌وه، "ئێستاش کە ماوەیەکی بەسەردا چووە، کۆمەڵە و بنەماڵەکەی رۆژ لەگەڵ رۆژ نیگەرانتر بوون و داوا لە ئاسایش و حکومەتی هەرێم دەکەن، کە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی کاک ئەفشین ئەمینی، ئێمە و بنەماڵەکەشی لە نیگەرانی دەربێنن".