ھێرشێکی مووشەکیی رووسیا بۆسەر وێستگەیەکی شەمەندەفەر دەیان قوربانی لێکەوتەوە
ئۆکرانیا: لەکاتی هێرشەکەدا نزیکەی چوار هەزار سڤیل لە وێستگەکەدا لە چاوەڕوانیدابوون
K24 - هەولێر:
نوێنەری رێکخراوی ئاسایش و پاراستنی ئۆکرانیا، ئارتەم دێختیارێنکۆ رایگەیاند، "لە ئاکامی ھێرشێکی مووشەکیی ھێزەکانی رووسیا بۆسەر وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە شاری کراماتۆرسک سەربە ھەرێمی دۆنێتسک، دەیان هاووڵاتی کە لە وێستگەکە لە چاوەڕوانی گواستنەوە بوون، بریندار بوون و 39 سڤیل گیانیان لەدەستدا کە چواریان منداڵ بوون".
دێختیارێنکۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە: "بەهۆی هێرشێکی رەگەزپەرستان بۆسەر وێستگەی شەمەندەفەر لە کراماتۆرسک 39 سڤیل گیانیان لەدەستدا کە چواریان منداڵ بوون".
نوێنەری رێکخراوی ئاسایش و پاراستنی ئۆکرانیا ئەوەشی ئاشکراکردووە کە لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە دەستی پێ کردووە.
سەرۆکی شارەوانی کراماتۆرسک، ئەلێکساندر گۆنچارێنکۆ رایگەیاند رەوشی تەندروستیی بەشێکی زۆر لە برینداربووان سەختە و بەشێکیان قۆڵ و قاچیان لەدەستداوە.
گۆنچارێنکۆ ئەوەشی خستەڕوو کە لەکاتی هێرشەکەدا نزیکەی چوار هەزار سڤیل لە وێستگەکەدا لە چاوەڕوانیدابوون و بەهۆی زۆری ژمارەی بریندارەکانەوە نەخۆشخانەکان فریای چارەسەرکردنیان ناکەون، نزیکەی 40 پزیشک نەشتەرگەری بۆ برینداران ئەنجام دەدەن.
فەرمانگەی ھێڵی ئاسنی ئۆکرانیا (Ukrainian Railways) رایگەیاند، لە ئاکامی ھێرشێکی مووشەکیی ھێزەکانی رووسیا بۆسەر وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە شاری کراماتۆرسک سەربە ھەرێمی دۆنێتسک، زیاتر لە 30 ھاووڵاتی سڤیل کوژران و 100ی دیکەش برينداربوون.
دوا بە دوای رووداوەکە چەند گرتەيەک بڵاوکرایەوە کە دیمەنی ھاووڵاتییانی مەدەنی و کارمەندانی وێستگەکە دەردەکەوێت کە بە کوژراوی و برینداری لەسەر زەوی کەوتوون.
سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی ئاشکرای کردبوو وێستگەی شەمەندەفەری شاری کراماتۆرسک لەلایەن هێزەکانی رووسیا بە مووشەکی "Toçka-U" کراوەتە ئامانج.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئاشکرای کردبوو کە چەند وێستگەیەکی شەمەندەفەریان لە هەرێمی دۆنێسک کردووەتە ئامانج. بەڵام هێرشەکان بەمەبستی تێکشکاندن و لەناوبردنی ئەو ئامێر و کەرستە سەربازییانە بووە کە بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا نێردرابوون.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگریی رووسیا، رایگەیاند تەواوی ئەو لێدوان و روونکردنەوانەوەی لەبارەی ئەو هێرشە مووشەکییەی دەگوترێت لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە کراوەتە سەر وێستگەی شەمەندەفەری کراماتۆرسک "هەڵە"ن و مەبەستی "ئاژاوەگێڕی" لەدواوەیە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری رووسیادا بانگەشەی ئەوە کرابوو پارچەی تێکشکاوی مووشەکەکە کە لەجۆری (Toçka-U) بووە لە نزیک وێستگەکە دۆزراوەتەوە و وێنەی گیراوە و ئەو جۆرە مووشەکە تەنیا لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیمەنی ناردنی مووشەکی (Toçka-U) لەلایەن هێزەکانی رووسیا بۆ ناوچەکە، بڵاوکرابووەوە بەڵام ئاشکرا نەکراوە ڤیدیۆکان لە کام رێککەوت تۆمارکراون.
سەرچاوە: AA