نرخی کەلوپەلی بیناسازی بەرزدەبێتەوە
بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی بەرهەمە ناوخۆییەکان وەزارەتی بازرگانی رێوشێنی پێویست دەگرێتەبەر
K24 - هەولێر
نرخی کەلوپەلی بیناسازی و شیش لە بازاڕی ھەرێمی کوردستان لە بەرزبوونەوەیە، بەشێک لە کارگەکان بەهۆی ئەوەی بەرھەمەکانیان وەک پێویست ساخ نابێتەوە زەرەرمەند دەبن. بەڕێوەبەری گشتی کارگەکان لە وەزارەتی بازرگانیش ئاشکرای دەکات، بەرھەمی ئەو کارگانە ناوخۆین، کەرەسەتەی ناوخۆیش بەکار دەھێنن، بەڵام بەھۆی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا وەک پێویست بەرھەمیان ساخ نابێتەوە، بۆیە پێویستە نرخ بەپێی بەرھەم دیاری بکرێت.
بورھان فەرەیدون، بەڕێوەبەری تەکنیکی کارگەی شیشی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "بە کاریگەری شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا و کەمبوونەوەی وزە وایکردووە، نرخی کەرەستەکان لە جیهان بەرزبێتەوە، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر کارگەکان و نرخی شیش بەرزدەبێتەوە".
وەزارەتی بازرگانی، وەک چاودێر لەسەر دۆخی کارگەکانی کەرەستەی بیناسازی و شیش و چیمەنتۆ، پێانوایە پێویستە نرخی کەرەستەی بیناسازی بەپێی بەرھەم و ساخبوونەوەی لە بازاڕدا دیاری بکرێت.
کۆڤان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی کارگەکان لە وەزارەتی بازرگانی بە کوردستان24ی گوت: "هەوڵدەدەین بۆ هەماهەنگی لەسەر نرخی شیش و چیمەنتۆ کە بەرزدەبێتەوە، دەبێ رەچاوی ئەو بارودۆخەی ئێستا بکرێت، لەو کەرەستانەی سەرچاوەکەی ناوخۆییە بۆ نموونە چیمەنتۆ، کارگەکانی شیش بەهەمانشێوە ئاسنە لەکارکەوتووەکان دەتوێننەوە و دەیکەنەوە بە شیش".
وەزارەتی بازرگانی لە ھەوڵدایە تا رێگەچارەیەک بدۆزتەوە، بۆ دیاریکردنی نرخی ھەر بەرھەمێک کە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بەرھەم دەھێنرێت و سەرچاوەی کەرەستەکانی ناوخۆین، بۆ ئەوەی کاریگەری نەبێت لەسەر ژیانی ھاووڵاتیان، کاریش دەکەن بەرهەمهێنانی کەرەستەی بیناسازی ناوخۆیی زیاد بکەن، تا کاریگەری لەسەر بازاڕی فرۆشتنی ئەو کەرەستانە دروست نەکات.