16 ماتۆرسکیل دەستیان بەسەردا گیرا
بەشێک لە شوفێرەکان تەمەنیان لە خوار 13 ساڵیدایە

K24 – گەرمیان
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەستبەسەر 16 ماتۆرسکیل دا گیرا، بەشێک لە شوفێرەکان تەمەنیان لە خوار 13 ساڵیدایە.
موقەدەمی مافپەروەر عەلی جەمال قدووری لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ئاشکرای کرد: "دوای سکاڵای هاووڵاتیان و چەندین رووداوی هاتووچۆی ماتۆرسکیل کە رۆژانە قوربانی لێدەکەوێتەوە، شەوی رابردوو بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان لە هەڵمەتێکدا لەنێو گەڕەکەکانی قەزای کەلار، دەستیان گرت بەسەر 16 ماتۆرسکیل، بەشێک لە شۆفێرەکان تەمەنیان لە خوار 13 ساڵیدایە".
ئاماژەی بەوەشداوە: "ئەم ماتۆرسکیلانە ببوونە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتیان و سەرپێچی کردن لە شۆفێری و سەرکێشی لەنێو گەڕەک و شەقام و چواڕیانەکانی قەزای کەلار، ئێستا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی کەلار هەموویان رێکاری یاسایی بەرامبەریان گیراوەتە بەر و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ شۆفێرەکان کراوەتەوە".