سلێمانی.. لەسەر ئازاردان و زیندانیکردنی هاوسەری پێشووتری تۆمەتبارێك دەستگیركرا
پۆلیسی سلێمانی: هاوسەری پێشووتری لە ئوتێلێك زیندانی کردووە
K24 - هەولێر:
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی بەختیاری تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد کە توند و تیژی بەرامبەر هاوسەری پێشووتری بەکارهێنابوو، پاشان زیندانیشی کردبوو.
لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هاتووە، "دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە هێزەكانی پۆلیس كە واگومان دەكرێت لە یەكێك لە هۆتێلەكانی شاری سلێمانی ژنێك زیندانیکراوەو رێگەی هاتنە دەرەوەی لێگیراوە، مەفرەزەكانی پۆلیسی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردوو توانرا لەلایەن بنكەی پۆلیسی بەختیارییەوە ژنەكە بدۆزرێتەوە كە لە ژوری هۆتێلێكدا لەلایەن هاوسەری پێشوتریەوە بەندكراوەو ئازار دراوە ، پاشانیش توانرا تۆمەتبار دەستگیربكرێت."
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، تۆمەتبار (ع ، م، ه لەدایكبووی 1992 بەناسنامە عەرەب) بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.