ژنێكی دیكه‌ گیانی له‌ده‌ستدا

ئه‌مڕۆ 3 ژن له‌ هه‌رێمی كوردستان گیانیان له‌ده‌ستدا

توندوتیژی دژی ژنان
توندوتیژی دژی ژنان

K24 – دهۆك:

له‌ سنووری قه‌زای زاخۆ، ژنێك به‌ ناوی "س. ص.ج" ته‌مه‌ن (20 ساڵ)، ته‌رمی به‌ هه‌ڵواسراوی له‌ بنمیچی ژووره‌كه‌یدا دۆزرایه‌وه‌.

راگه‌یاندنی پۆلیسی زاخۆ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، ئه‌و ژنه‌ له‌ كه‌مپی "ده‌ركار"ی تایبه‌ت به‌ ئاواره‌كانی شنگال بووه‌ و به‌ په‌ت كۆتایی به‌ ژیانی هاتووه‌.

هه‌روه‌ها روونیكردووه‌ته‌وه‌، ته‌رمی ژنه‌كه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ پزیشكی دادوه‌ری و له‌ گوێره‌ی حوكمه‌كانی مادده‌ی (408) له‌ یاسای سزادانی عێراقی ژماره‌ (111)ی ساڵی (1969) پۆلیس په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ حاڵه‌ته‌كه‌ كردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌مه‌ سێیه‌م حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدانی ژنانه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆمار كرابێت.

هه‌ر ئه‌مڕۆ ژنێك له‌ گه‌ڕه‌كی كوردستانی شاری هه‌ولێر به‌ ناوی "كوێستان پیرۆت خدر" ته‌مه‌ن (35 ساڵ) و دایكی چوار منداڵ به‌ چه‌قۆ له‌ لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ كوژرا.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پۆلیسی هه‌ولێر، بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، ئه‌و ژنه‌ له‌ لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ به‌ چه‌كی سارد (بڕه‌ر) كوژراوه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

هاوكات دوای دوو كاتژمێر له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه‌، ئاسایشی هه‌ولێر له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، كه‌ هاوسه‌ری ژنه‌كه‌ به‌ تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌ ده‌ستگیركراوه‌ و رووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها كچه‌ قوتابییه‌كی په‌یمانگه‌ی ته‌كنیككارگێڕی هه‌ولێر  به‌ ناوی "ئاریان محه‌مه‌د خه‌لیل" ته‌مه‌ن (21 ساڵ)، له‌ سه‌ر باڵه‌خانه‌ی "سه‌ید باقی" له‌ گه‌ڕه‌كی ژیان كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و ده‌ستبه‌جێ گیانی له‌ده‌ستدا.

ئاریان محه‌مه‌د خه‌لیل (2001 - 2022)
ئاریان محه‌مه‌د خه‌لیل (2001 - 2022)

گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر، "هۆگر عه‌زیز" بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، به‌ وته‌ی كه‌سوكاری ئه‌و كچه‌ خۆی كوشتووه‌ و تا ئێستا ورده‌كاری پێویست له‌ باره‌ی رووداوه‌كه‌وه‌ نه‌زانراوه‌.

كوشتن و خۆكوشتنی (3) ژن له‌ یه‌ك رۆژدا (21ی نیسان/ ئه‌پریڵی 2022)، به‌رزترین ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی كوشتن و خۆكوشتنه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆمار كرابێت.