کیێڤ.. کارمەندێکی رادیۆی ئازادی لە هێرشێكی مووشەکیدا کوژرا
رووسیا: چەند شوێنێکی دروستکردنی مووشەکمان لە کیێڤ بە چەکی زۆر هەستیار کردە ئامانج
K24 - هەولێر:
لە ئاکامی ھێرشێکی مووشەکی لە کیێڤ پایتەختی ئۆکراینا، کەسێک گیانی لەدەستدا و 10 کەسی دیکەش برینداربوون، هێرشە مووشەکیەکەش هاوكات بوو لهگهڵ سهردانی ئهنتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتی نهتهوهیهكگرتووهكان بۆ كیێڤ.
دوێنێ پێنجشەممە، لە ناوچەی شیڤچینکۆڤسک لە کیێڤ، یەکێک لەو مووشەکانەی کە کارگەیەکی بەرھەمھێنانی مووشەکی فڕۆکەی "Artem" کردووەتە ئامانج، بەر باڵەخانەیەك کەوت کە بەرامبەر کارگەکەیە و کەسانی مەدەنی تیادا دەژین.
لەو ھێرشەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و 10 کەسی دیکەش برینداربوون کە چوار لە بریندارەکان بەمەبەستی چارەسەر بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەو کەسەی لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستداوە، "ڤيرا گيريتش" پرۆدیوسەری (رادیۆی ئازادی)ـیە لە کیێڤ، کە لە ساڵی 2018ـەوە لەو رادیۆیە کار دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئاشكرای كرد، چەند باڵەخانەیەکی شوێنی دروستکردنی مووشەکیان لە کیێڤ پایتەختی ئۆکرانیا بەمووشەکی دوورهاوژێری زۆر هەستیار کردووەتە ئامانج.
کۆناشێنکۆڤ ئاشکرای کرد بۆ پێکانی ئامانجەکانیان لە ئۆکرانیا چەکی زۆر هەستیاریان بەکارهێناوە و گوتی: "لە رێگەی مووشەکی دوورهاوێژی زۆر هەستیار چەند باڵەخانەیەکی تایبەت بە دروستکردنی مووشەکمان لە کیێڤ کردە ئامانج".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بە مووشەکی زۆر هەستاری جۆری کالیبر کە لە دەریاوە هاوێژرابوو سێ ناوەندی تەزووگۆڕ لەسەر هێڵەکانی ئاسنینی فاستۆڤ، کراسنۆسۆلکا و پۆلۆننۆیی لەناوبرا و بە مووشەکی زۆر هەستیار نۆ خاڵی سەربازی ئۆکرانیا خاپوور کرا.