ئەکسیۆس: ناتانیاهۆ بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگی ئێران سەرۆکی مۆسادی ناردووەتە واشنتن
سەرۆکی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە ئەگەری هێرشی هاوبەشی وڵاتەکەی و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات و کۆشکی سپیش داوای راپۆرتی چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی ئێرانی لە پێنتاگۆن و شارەزایانی هەواڵگری کردووە.
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێشتا لێکۆڵینەوە (دیراسە)ـی ئەنجامدانی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات.
سەرچاوەکە بە 'ئەکسیۆس"ـی راگەیاندووە، کۆشکی سپی داوای لە پێنتاگۆن و شارەزایانی هەواڵگری کردووە راپۆرتێک لەبارەی چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هەر هێرشێکی ئامادەکراوی سوپای ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە پێشکەش بکەن.
لە لایەکی دیکەوە، ماڵپەڕەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە ئاماژەی بەوە داوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەرۆکی دەزگای هەواڵگیریی نیشتمانی (مۆساد)ـی رەوانەی واشنتن کردووە بۆ هاندانی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی هێرش بۆ سەر ئێران.
بەگوێرەی لێدوانی هەردوو سەرچاوە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکەش، سەرۆکی مۆساد مەترسی و نیگەرانییەکانی ئیسرائیلی پەیوەست بە پەرەپێدانی چەکی کیمیایی لە لایەن ئێرانەوە گەیاندووەتە بەرپرسانی ئەمریکا.
هاوکات لەبارەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی سەر چەکی کیمیایی، هەرچەندە ترەمپ رۆژی چوارشەممە 18ی تشرینی دووەم بە "فۆکس نیوز"ـی گوتووە نیشانە هەن ئێران بەدوای گازی کیمیایی و چەکی بایۆلۆجیدا دەگەڕێت، بەڵام "ئەکسیۆس" ئاماژەی بەوە داوە، هەندێک بەرپرسی ئەمریکا گومانیان لە زانیارییە ئیسرائیلییەکان هەیە و بە "ئاراستەکراو" ناویان بردوون.