پوتن لەم رێکەوتە "جەنگی سەرتاسەری" بۆ سەر ئۆکرانیا ڕادەگەیەنێت

بەرپرسێکی پێشووی ناتۆ: رۆژئاوا دەبێت خۆی بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە بکات

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا

K24 - هەولێر:

وێبسایتی دەیلی مەیڵی بەریتانی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی رووسی و رۆژئاوایی بڵاویکردەوە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرۆکی رووسیا ڤلادیمێر پوتن "جەنگی سەرتاسەری" دژی ئۆکرانیا رابگەیەنێت.

هێزەکانی رووسیا لە 24ـی شوبات هێرشی سەربازییان بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و جەنگەکەشیان ناونا ئۆپەراسیۆنی سەربازی رووسیا لە ئۆکرانیا، بەو بڕوایەی شەڕەکە تەنها چەند هەفتەیەک دەخایەنێت.

وەزیری بەرگری بەریتانیا، بێن واڵاس گوتی: "رەنگە سەرۆکی رووسیا رۆژی 9ـی ئایار کە ساڵیادی سەرکەوتنی یەکێتی سۆڤیەتە بەسەر نازیەکانی ئەڵمانیدا بۆ راگەیاندنی جەنگی سەرتاسەری بەکاربهێنێت."

ریچارد شێرف، بەپرسێکی پێشووی ناتۆیە و لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا هۆشداری دایە رۆژئاوا و گوتی: "رۆژئاوا دەبێت خۆی بۆ خراپترین سیناریۆی جەنگی ئۆکرانیا ئامادە بکات."

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی سەربازی لە سوپای رووسیاوە بە رۆژنامەی تەلەگرافی راگەیاند، "سوپا زۆر توڕەیە لەو شکستەی لە کێیڤ هێنایان، ئەندامانی سوپا دەیانەوێت تۆڵەی ئەو شکستە بکەنەوە و پێشڕەوی زیاتر لە ئۆکرانیا بکەن."