وەزیری تەندروستی: چەند حاڵەتێکی گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون هەن
"باری تەندروستی تووشبووەکەی هەولێر جێگیرە"
.jpg)
K24 – هەولێر
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، چەند حاڵەتێکی گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون هەن و یەکێکیان پشستڕاست کراوەتەوە کە تووشبووە.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "راستە یەک حاڵەتی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمار کراوە، بەڵام چەند حاڵەتێکی گومانلێکراو هەبووە، پشکنین کراوە و یەکێکیان وەک تووشبوو تۆمار کراوە".
گوتیشی: "پشکنینی دەیان کەس وەرگیراوە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی لەو کەسە نزیکبوونە کە لە هەولێر تووشی تای خوێنبەربوون بووە، دەبێ هاووڵاتییان و سەرچاوەکانی فرۆشتنی گۆشت چاو کراوەتەر بوونە، ئەو کەسەی لە هەولێر تووشبووە بەشێوەی گەڕۆک لەناو شار گۆشتی فرۆشتووە".
وەزیری تەندروستی، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو کەسەی لە هەولێر تووشی خوێنبەربوون بووە باری تەندروستی جێگیرە".
راشیگەیاند: "بەو هۆیەوە نەخۆشییەکە گوازراوەیە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەموو رێکارەکانمان گرتووەتەبەر".
رۆژی 10/5/2022، یەکەم حاڵەتی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمار کرا. وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، ئەو کەسە گۆشتفرۆشە و تەمەنی 17 ساڵە.