ئەو ژنانەی رێبەری وڵاتی خۆیانن لە کاتی قەیرانەکاندا
وهزیری ناوخۆی فینلهندا ئێستا له مۆڵهتی دایكایهتیدایه

K24 - ئهوروپا:
فینلاند، یەکێک لەو وڵاتە دیموکراتییە دەگمەنانەی كه ژنان پێكهاته سەرەکییەکانی دەوڵەت پێکدههێنن.
دوو ساڵ لەمەوبەر لە رێکەوتی 10 - 12 - 2019 چەند مانگێک بەر لە قەیرانی کۆرۆنا، دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی پێشوو "ئانتی ریننێ" (Antti Rinne)، بەهۆی گەندەڵیی ئیداریی پەیوەندیدار بە سەندیکای کرێکارانی پۆستەوە، ناچاركرا واز لە پۆستهكهی بهێنێت، لەلایەن گەورەترین پارتی ناو پەرلەمانی فینلاند، سۆسیال دیموکراتەکان وەک کاندیدی سەرۆک وەزیران پێشنیارکراو و دواتر لە گەڵ پارتەکانی هاوپەیمانی حکومەتی "ئانتی ریننێ"، حکومەتێکی هاوبەشیان لە پێنج پارتی جیاوازپێکهێنا و سەرۆکی هەموویان ژن بوو.
بەمشێوەیە لە مێژووی فینلاند یەکەم ئەنجوومەنی وەزیران پێکهات كه سەرۆک وەزیرانهکەی لهسهر ئاستی جیهان گەنجترین بێت و چوار وەزیری کابینەکە بە جێگری سەرۆک وەزیرانەوە ژن بن.
ساننا مارین، لە 23/8/2020 لە کۆنگرەی سۆشیال دیموکراتەکانی فینلاند وەک سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا.

ئەوان بە سیاسەتی وردبینانە و رێبەرییەکی بێوێنە لە مێژووی فینلاندا، توانیان بە نزمترین ئاستی ژیان فینلاند لە قەیرانی کۆرۆنا تێپەڕێنن.
فینلاند یەکێکه لەو وڵاتانەی کە بە کەمترین زیانی گیانی و ئابووریەوە قەیرانی کۆرۆنای تێپەڕاند، وەک وڵاتێکی نموونەیی لە ئاستی جیهاندا لە بواری بەرێوەبەری قەیرانی کۆرۆنا ناو دەبردرێت.
لە دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و داگیرکردنی خاکی ئەم وڵاتە، سەرۆکی وڵات ساننا مارین، وڵات بە وڵات گەڕاوە و هەڵوێستەکانی چ لە سەرئاستی ناوخۆیی و یان لە سەر ئاستی نەتەوەیی و یەکێتی ئەوروپاش بوێرانە جێی تێڕامان بووه، بە جۆریک کە رۆژنامەی فیگارۆی فهرهنسی لە ژمارەی رۆژی 7 - 5 - 2022، سەرۆک وەزیرانی فینلاندی بە "سەرۆکی پۆڵایین" ناوزەد کردووە.
ئەو ژنانەی کە فینلاند بەرێوەدەبەن کێن؟ بۆچی لە وڵاتانی پێشکەوتوو ژنان رۆڵی پێشەوەیان هەیە لە بەڕێوەبردن و بڕیاردانی سیاسیی وڵاتدا، بەڵام لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژنان ناتوانن دەرفەتی یەکسانیان هەبێت بەرامبەر بەپیاوان؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەتوانێت رێگەخۆشکەر بێت بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یەکسان و دادپەروەر.
ساننا مارین (Sanna Marin) لە دایکبووی 16/11/1985، لە بنەماڵەیەکی هەژار ناوبراو چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، دوای جیابوونەوەی باوانی تەنیا دایکی ئەرکی بەخێوکردنی ئەوی لەئەستۆ گرتووە.
خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستی بەرێوەبەری دەوڵەتی و لە ساڵی 2015ـهوه ئەندامی پەرلەمانی فینلاند و ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی شوێنی ژیانی خۆی بووە.
خۆی و هاوسەرەکەی و کچە چوارساڵەکەیان لە دەرەوەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە شاری تامپرێ دەژین.
ئانیکا ساریکۆ (Annika Saarikko)، وەزیری دارایی و جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پارتی ناوەڕاستی فینلاند (Keskusta) لە دایکبووی 10/11/1983 و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستی سیاسی و بڕوانامەی پەروەردە و فێرکردنە.

بەرلە ژیانی سیاسی ناوبراو بەشی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کڵێسا و کاری رۆژنامەوانی کردووە.
ناوبراو لە ساڵی 2011ـهوه ئەندامی پەرلەمانی فینلاندە و لە ساڵی 2021ـهوه وەک سەرۆکی پارتی ناوەڕاست هەڵبژێردراوە.
ماریا ئۆهیسالۆ (Maria Ohisalo)، وەزیری ناوخۆ (ئێستا لە پشووی دایکێتی دایە) و سەرۆکی پارتی سەوزەکانی فینلاندایه و لەدایکبووی 8/3/1985، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایه لە کۆمەڵناسیی.

ناوبراو لە بنەماڵەیەکی زۆر هەژار و بێ دەرەتان گەورە بووە، بە جۆرێک لە منداڵیدا زۆربەی کاتەکان ناچار بووە پەنا بەرێتە بەر هاناخانەکان.
ئۆهیسالۆ لە ساڵی 2018ـهوه سەرۆکی پارتی سەوزەکانە، لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2021ـهوه بەهۆی پشووی دایکێتی ئەرکی وەزیری ناوخۆیی و سەرۆکایەتی پارتی بە شێوەی کاتی بە خاتوو کریستا میکۆنێن (Krista Mikkonen) سپاردووە.
لی ئاندرسۆن (Li Andersson)، وەزیری پەروەردە و فێرکردن و سەرۆکی پارتی یەکێتی چەپەکان، 13/5/1987 لەدایکبووە و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زانستە سیاسیەکاندا، لە سالی 2015ـهوه ئەندامی پەرلەمانی فینلاند و پێشتریش ئەندامی چالاکی چەند رێکخراوی پارێزەری مافی مرۆڤ بووە.

ناوبراو دۆستێکی شێلگیری کورد و کوردستانە و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی کوردستانیانی فینلاند بەشداری کردووە و گوتاری پێشکەش کردووە.
ئاننا ماریا کریستینا هێنریکسۆن (Anna-Maja Henriksson)، وەزیری داد و سەرۆکی پارتی نەتەوەیی سویدی زمانەکانی فینلاند، لە دایکبووی ساڵی 1964 و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە مافناسیدا.

ناوبراو لە ساڵی 2007ـهوه بۆ چوار خولی یەک بە دوای یەکدا بە ژمارەیەکی بەرچاوی دەنگدەرانی سویدی زمان بۆ پەرلەمانی فینلاند هەڵبژێردراوە.
پارتی نەتەوەیی سویدی زمانەکانی فینلاند لە پلەی یەکەمدا بۆ بەرەوپێش بردنی مافی سوێدی زمانەکانی دانیشتووی فینلاند دامەزراوە و یەکێک لە پارتە لیبراڵیەکانی ئەو وڵاتەیە.
نزیکەی 300 هەزار کەس لە دانیشتوانی فینلاند سویدی زمانن. ژمارەی دانیشتوانی فینلاند نزیکەی 5 ملیۆن و 600 هەزار کەسن.

دە پارتی فینلاند لە پەرلەماندا نوێنەریان هەیە، ناوچەی ئۆتۆنۆمی ئۆلاند کە سویدی زمانن لە پەرلەمانی فینلاند خاوەنی کورسییەکی کۆتایە.
ناوچەی ئۆلاند خاوەنی پەرلەمان و حکومەتی سەربەخۆی خۆیەتی و سەرۆکی هەرێمی ئۆلەند لە لایەن پەرلەمانی ئەو هەرێمەوە هەڵدەبژێردرێت و لەلایەن سەرۆک کۆماری فینلاندەوە پەسەند دەکرێت.
سیستمی بەڕێوەبەری فینلاند دیموکراسی پەرلەمانییە، کە حکومەت لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە بەڕێوە دەچێت و دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار سیمبولێک و زۆرتر لە بواری سیاسەتەکانی دەرەوە و ناونەتەوەییە.